کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٠٠هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی گیەڵان لە ئاگردا سووتا

11:47 - 18 خەرمانان 2725

لە نوێترین ڕووداوی وێرانکارییە ژینگەییەکان لە کوردستاندا، زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکان لە گیەڵان لە ئاگردا سووتان.

ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کە لە بەرزاییەکانی ملیەنێ هەڵکەوتوو لە نێوان دوو گوندی حەیدەریە و چلە ڕووی دا، لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە  پازدەیەمین حاڵەتی ڕووداوی هاوشێوە لەم شارەیە کە ڕوو دەدات.

خەمڵاندنەکان دەریدەخەن کە بەگشتی زیاتر لە هەزار هێکتار لە سامانی سروشتی و دەیان هێکتار کێڵگەی دانەوێڵە سووتاوە.

پارێزگاری گیەڵان "هۆکاریی مرۆیی"ی بە هۆکاری ئەم کارەساتە زانی و ڕایگەیاند کە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکرێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەم جۆرە ئاگرکەوتنەوانە دەرئەنجامی پشتگوێخستنی پێکهاتەیی و نەبوونی پلان و سیاسەتی لاوازلە بواری پاراستنی ژینگەدایە.

لە وڵاتێکدا کە ساڵانە هەزاران میلیارد تمەن بۆ پرۆژەی ناپێویست و تەبلیغاتی خەرج دەکرێت، هێشتا ئامێری ئاگرکوژێنەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان بە ڕادەی پێویست نییە.

ڕۆڵی هێزە مرۆییەکان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکاندا، جارێکی دیکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڕێژیم لەبری ئەوەی بەشێوەیەکی چالاکانە قەیرانەکە بەڕێوە ببات، بارگرانیی خستووەتە سەر خەڵک.

گیەڵان لە ڕۆژاوای کرماشان ٢٠٥ هەزار هێکتار سامانی سروشتیی هەیە کە ٧٥ هەزار هێکتاری دارستان و لەوەڕگەیە.