کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایمزی ئیسرائیل: دژکردەوەی ئێمە دژی کۆماری ئیسلامی لە گرەوی ئاڵوگۆڕی بڕیاڕی بەرنامەی ناوکیدایە

12:42 - 18 خەرمانان 2725

پێگەی هەواڵدەریی تایمزی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی ترۆئیکای ئورووپایی بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە، لە زاری کارناسانی ئەمنییەتیی ئیسرائیلەوە باسی لەوە کردووە کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە "دۆخی هەڵپەسێردراو"دایە.

تایمزی ئیسرائیل سەرەڕای باسکردنی ئەو دۆخەی ئێستا و ئەگەری چۆنیەتیی دژکردەوەی هێرشی دووبارەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی: "هەر دژکردەوەیەکی ئێمە بەنیسبەت کۆماری ئیسلامییەوە گرێدراوە بە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکییەوە".

هەر لەو پێوەندییەدا جاناتان ڕووهە، بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوە لە دامەزراوەی یەهوودیی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا وتی: "ڕێژیمی ئێران لە قۆناغی ئێستادا بەهۆی ترس لە هێرشی دووبارەی ئیسرائیل، لە هەنگاوەکانی دواتر بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامە ناوکییەکەی خۆی دەبوێرێت".

بە وتەی ئەو بنکە هەواڵدەرییە ئیسرائیلییە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا بەشێک لە "ژێرخان و زانستی پێویست" بۆ دروستکردنی نموونەی سەرەتایی لە چەکی ناوکیی تاقیکاریی پاراستووە بەڵام ئەو ڕێژیمە گەیشتووە بەو بڕوایەی کە هەر جۆرە هەوڵێک لەو چەشنە "سزای توند"ی بەدواوەیە.

هەروەها ڕووهە باسی لەوە کرد: "هەنگاوی دواتری کۆماری ئیسلامی هۆکاری فەننی نییە بەڵکوو هۆکاری ڕەوانی هەیە و بەهۆی ترس لە هێرشی دووبارەی ئیسرائیلەوە ڕایگرتووە".

تایمزی ئیسرائیل بە ئاماژدەدان بە هەڵوێست و دژکردەوەی تاران لەوبارەوە نووسیویەتی: "لە بەرانبەر هەر هەوڵێکی تۆڵەئەستێنی تاران، ئەگەری هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا لە ئارادایە و هەرچەند ڕێگەی دیپلۆماسی کراوەیە بەڵام ڕێگەی شەڕیش لەبەر دەستدایە".