کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی ''نیشتمانی سەوز" لە بەدرەی ئیلام دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند

12:56 - 18 خەرمانان 2725

ئەنجومەنی تازە دامەزراوی "نیشتمانی سەوز" بە ئامانجی پشتیوانی لە ژینگە و پێشخستنی کولتوورێکی زیندوو و هۆشیار، بوونی خۆی لە شاری "بەدرە"ی ئیلام ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجومەنەدا هاتووە: "زەوی بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە دەست و بیرکردنەوە و ئیرادەی پتەوی مرۆڤەکانە ".

لەم بەیاننامەیەدا، بە ئاماژەدان بە بارودۆخی مەترسیداری گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، کەمیی ئاو، دیاردەی تۆز و خۆڵ و پیسبوونی هەوا، بەتایبەتی لە ناوچەی زاگرۆس، هاتووە: "ژیانی مرۆڤ گرێدراو بە ئاو و خاک و هەوایە و پاراستنی ئەو توخمە بنچینەییانە گەرەنتیی مانەوەی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دەکات".

هەروەها ئەم ئەنجومەنە جەختی لەسەر پێویستیی سەیرکردنی سروشت وەک ئەمانەتێک بۆ نەوەکانی داهاتوو کردووەتەوە نەک تەنیا میراتێک بۆ بەکارهێنان.

ئەندامانی "ئەنجومەنی نیشتمان سەوز" ڕایانگەیاند کە ئەرکی ئەم دامەزراوەیە تەنیا لە ژینگەپارێزیدا سنووردار نابێت، بەڵکوو چالاکییەکانی بواری پەروەردە و پەرەپێدانی فەرهەنگسازی و کاروباری خێرخوازی و چالاکییەکانی سوودمەندی گشتیش لە بەرنامەی کاردا دەبن.

نیشتمانی سەوز بە بانگهێشتکردنی هاووڵاتییانی شاری بەدرە و کەسانی دیکەی ئارەزومەند لە پرسە ژینگەییەکان، داوای بەشداریی گشتی بۆ پاڵپشتیکردنی سامانە سروشتییەکان و بەرەوپێشبردنی کولتووری ژینگەیی لە ناوچەکەدا دەکات.

دامەزرێنەرانی ئەم ئەنجومەنە هیوایان دەربڕیوە کە بە هاوکاریی خەڵک بتوانن هەنگاوی کاریگەر بۆ پاراستنی سروشت و بەدیهێنانی پێکەوەژیانێکی هۆشیارانە و بەردەوام لە کۆمەڵگەدا بنێن.