کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران: وشکبوونی گۆلی ورمێ گەورەترین قەیرانی ژینگەیی ئێران و ناوچەکەیە

17:47 - 18 خەرمانان 2725

بەڕێوەبەری گشتیی فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران لەبارەی وشکبوونی گۆلی ورمێ باسی لەوە کردووە کە پرسی وشکبوونی ئەو دەریاچەیە یەكێک لە کارەساتبارترین و قەیراناویترین پرسی ژینگەیی ئێران و و ناوچەکەیە.

عەلی شەریعەتی، بەڕێوەبەری گشتیی فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران بە ئاماژەدان بە زیانە قەرەبوونەکراوەکانی ئەو قەیرانە ژینگەییە وتوویەتی: "ئەو قەیرانە لێکەوتەی بەربڵاوتری لە بوارەکانی ژینگە، تەندروستیی گشتی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەمنییەتی بەدواوە دەبێت".

شەریعەتی هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەو پرسە بەو واتایە کە لە ئێستاوە بەدوا ناوچەکانی دەوروبەری ورمێ، بازرگان و کوردستان و تەنانەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی تەورێز لەگەڵ کەشوهەوای گەرمتر و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرەوڕوون".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو قەیرانەوە هۆشداریی دا وتوویەتی: "لێکەوتەی ئەو قەیرانە تەنیا تایبەت بە تەندروستیی گشتی نییە، بەڵکوو سەرچاوە ئاوییەکان بەشی وەرزێڕی و ئاژەڵداری لەنێو دەچێت. بژێوی سەرەکیی دانیشتووان کە چەندین سەدەیە لەسەر وەرزێڕی و ئاژەڵداریی بیچمی گرتووە، ئەمڕۆ لە لێواری لەنێوچووندایە".