کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بەرپرسانی باڵای حەماسی لە قەتەر کردە ئامانج

23:43 - 18 خەرمانان 2725

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، ئیسرائیل لە چەند هێرشی ئاسمانیدا، کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای حەماسی لە دۆحەی پێتەختی قەتەر کردە ئامانج.

کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە فڕۆکەی شەڕکەر، کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای حەماسی لە دۆحە بۆمباران کردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە بە "ڕۆژی حسێب" ناودێر کراوە بە ١٢ مووشەک، هێرشیکی کردووەتە سەر شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای حەماس.

لە بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا لەمبارەوە هاتووە کە ئەم کەسانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسیان لە ئەستۆ بووە و لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان گێراوە و بەڕێوەبەری شەڕ دژی ئیسرائیل بوون.

ئەرتەشی ئیسرائیل و ڕێکخراوی شاباک بە فەرمی بەرپرسایەتیی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێبەرانی حەماس لەوانە خەلیل ئەلحەیە و زاهیر جەبارین، خالید مەشعەل، نزار عەوزەڵڵا و غازی حەمد لەم کۆبوونەوەیەدا خەریکی تاوتوێکردنی گەڵاڵەی پێشنیاریی ترامپ سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە بوون.

پێشتر لە ٢٦ ڕەزبەری ١٤٠٣یەحیا سینوار، یەکێک لە سەرکردەکانی گرووپی حەماس کە بە داڕێژەری هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە ١٥ ڕەزبەری ١٤٠٢ دادەنرێت،لە عەمەلیاتی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە کوژرا.