
زانیار حوسێنی
بیری کوردایەتی و ئەزموونەکانی بەر لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی، بوونە هەوێنی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف. ئامانج لەویش تێکۆشان و چالاکی نوێی کورد لەمەڕ لادانی تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێی وەدیهاتنی ئاواتە نەتەوەییەکان کە مەبەستی سەرەکی، سڕینەوەی ستەم و زۆرداری داگیرکەرانی ناوچەیی (ڕاستەوخۆ) و نێودەوڵەتیی (ناڕاستەوخۆ ) بوو لە هەمبەر نەتەوەی خاوەن مێژوو، دەسەڵات و پێناسەی تایبەت بەخۆی.
کۆمەڵەی ژێکاف بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و تێکۆشانی دەیان بزاڤ و سەرکردەی کورد، دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ڕاپەرینە مەزنەکانی ئەو نەتەوەیە و ئەزموونی کار و چالاکی کادر و تێکۆشەرەکانی، دەستی بە خەبات کرد و هەنگاونانەوە لەمەڕ پرسی نەتەوەیی، بۆ زیاتر کاراکردنی فکر و ویستەکانی، زیاتر بەشداریکردنی خەڵکانی کورد، بەجەماوەریکردنی پرسی نەتەوەیی و ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی لە ستراکتۆری ڕێکخراوەییدا، (بە ئامادەبوون و پێوەستبوونی پێشەوا قازی محەممەد) بووە بەستێنی لەدایکبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی.
ئەگەر بەسەر مێژوو و بەسەرهاتەکانی ئەوکات و جەوی زاڵ بەسەر چارەنووسی گەلی کورد لەو سەردەمدا، باز بدەین و ئاوڕێکی زانستییانە و سەردەمیانە لەو ڕۆژە مەزنە بدەینەوە، دەبێ ٢٥ی گەلاوێژ نەک هەر وەک ڕۆژی دامەزرانی حیزبێکی تەمەن ٨٠ ساڵ، بەڵکوو وەک خاڵێکی گرینگی وەرچەرخانی مێژوویی سەیری بکەین کە لەو ڕۆژەوە مێژووی تێکۆشانی کورد بە بەر لە ئەو ڕۆژە و لەدوای ئەو ڕۆژە دابەش دەکرێن.
٢٥ی گەلاوێژ بەر لەوەی ڕۆژی دامەزران و لەدایکبوونی حیزبی دێموکرات بێ، ڕۆژی قۆناغی گواستنەوەی ئاڵوگۆڕێکی بەربەرین و بەرفراوانە لە جۆرێ تێروانین، تێکۆشان و تێئۆریزەکردنی بیری کوردایەتی؛ هەروەها داڕشتنەوەیەکی نوێیە لە دێپارتمانی هزری کوردانە بۆ هەموو کوردێک بە بێ لەبەرچاوگرتنی واقیعە داسەپاوەکانی ڕابردوو. چوونکی لەدوای ئەو ڕۆژەوە ڕووداو، قۆناغ و دەرفەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو نەتەوەیە دێنە پێش، و هەر کامیان خۆی دەبێتە سەکۆ و بەستێنێک بۆ ڕووداو و دەرفەتەکانی لەدوای خۆی. هەر بەوپێیە دوور لە ڕاستی نیە ئەگەر بڵێین کە ٢٥ی گەلاوێژ ئیلهامبەخشی هەموو بزاڤ، سەرهەڵدان و خەبات و تێکۆشانەکانی لەدوای خۆی بووە، هەر وەک بزاڤی خۆیبوون، هیوا و کۆمەڵەی ژێکاف، هەوێنی ئیلهام و بەشێک لە پاشخانی هزری و گەنجینەی ٢٥ی گەلاوێژ بوون؛ لەڕاستیدا ئەو ڕۆژە بۆتە تێکهەڵکێشێک لە هەموو بیروبۆچوونە جیاواز و جۆراوجۆری تێکۆشانەکانی گەلی کورد کە لەژێر ساباتی فکرێکی یەکگرتوو، ڕێکخراوێکی زیندوو و بەستێنێکی گشتگیر، بوو بە کاتالیزۆری بیری کوردایەتی لە هەر گۆشە و کەناری ئەو خاکە داگیرکراوە.
حیزبی دێموکرات وەک بەستێنسازی دامەزرانی کۆماری کوردستان
پرسیار ئەوەیە ئایا بە بێ دامەزرانی حیزبی دێموکرات، دەرفەتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەڕەخسا؟ بەچاولێکردن لە زۆربەی دامەزراوە سەرکەوتووەکانی دەسەڵاتداری کە خۆی لە سیستەمێكی بەڕێوەبەریی گونجاودا دەبینێتەوە، بەر لە دامەزرانی دامودەزگای حکوومەتی، ڕاهاتن و ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی بەشێوەیەکی ئووسولی کە بەپڕەنسیبێکی واقەعبینانە لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگە، دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری زاڵ بەسەر خەڵک و کۆمەڵانی خەڵک بەشێکی پێویست و زەوورە بۆ شان وەبەر کاری قورس و ئەستەمتر دان وەک سیستەمی دەسەڵاتداری و دەوڵەتی. هەروەها ڕێکخراو و کاری ڕێکخراوەیی خۆی دەبێتە هۆی ڕێکخستنی سەرچاوەی مرۆیی، هزری و پراکتیکی چینەکانی کۆمەڵگە و هەڵقووڵانی ویست و خواستی قووڵایی ناخی بەکۆمەڵی خەڵکانی نەتەوە یان خەڵکانێك کە خاڵی هاوبەشی جۆراوجۆریان زیاتر لە ڕادەی پێویست هەیە.
بۆ دامەزرانی یان دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە نوێنگە و نوێنەری ویست و سۆزی خەڵک بێ، ئەوە ڕێکخراوەیە کە دەتوانێ هەست و سۆز و هەروەها ویست و داخوازی خەڵک، تێئۆریزە و پراکتیزە بکا و بەستێنی خووڵقانی بخاتە بەردەست یان هەوڵی بەردەستبوونی بدا. بەتایبەتی ئەگەر بەشێوەی لۆکاڵی چاو لەو سەردەمە و دۆخی خەڵکی کورد لەو کاتەدا بکەین، بەهۆی جەوی زاڵی ئەمنی، هەژاریی بەئانقەست و پەرتەوازەیی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری لەبواری فکری، ڕادەی تێگەیشتن و ئاستی ویست و داخوازییەکانیان، ڕێکخستنی خەڵک بۆ خوڵقان یان خوڵقاندنی بەستێنێکی لەبار لەمەڕ دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتداری، پێویستیی بێ ئەملاوئەملا بە داڕشتنەوە و بونیادنانی ڕێکخراوەیەکی خەڵکی و بەهێز بووە.
بۆیە دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژ هەتا دامەزراندنی کۆماری کوردستان تەنیا چەند ڕۆژ پتر لە پێنج مانگی خایاندووە، ئەوەش ئاشکراکردنی ئەو پەیامەیە کە گەلی کورد، خاوەن ئەزموون و ڕابردوویە لە تێکۆشان و خەباتدا و لەلایەکیشەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە خەڵک لەو سەردەمەدا لەو بارەوە ئامادەیی زێهنی تەواویان هەبووە و خاڵی گرینگتر لەو دووەش، ئەوەیە کە دامەزرانی ڕێکخراو و حیزبێکی وەها، لەلایەن خەڵکەوە خوازراو بووە؛ تەنیا نیازی پێویست، بوونی ئەندازیارێک بووە هەتا ئەو کەرەستانە کە هێندێك جار پەرتەوازەیی یان جۆری خۆجەییان پێوە دیار بووە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بەڕۆژ ڕێک و وێک بخا و دێپارتمانێکی نوێیان بۆ دابمەزرێنێ.
ڕاستە کەشوهەوای زاڵ بەسەر ئەوکاتی ئێران و ناوچەکە و جیهانیش جیاواز و لەکاتی شەڕدا بووە، وە دەرفەتی کار و تێکۆشان و چالاکی بە زۆر نەتەوە بەخشیوە. بەڵام هیچ نەتەوەیەک بەدی ناکرێ کە لە دۆخی سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی ئابووری گەلی کورددا بێ و بتوانێ لە ماوەیەکی کەم و بەشێوەیەکی گونجاو و سەردەمیانە دەست بکا بە دامەزراندنی ڕێکخراو و خۆڕێکخستن و دامەزراندنی دەوڵەت و حکومەت و بەڕێوەبردنیشی بەمجۆرە و لەو ئاستە باشەدا؛ ئەوە تەنیا لە کاتێکدا دەکرێ کە بەڕێوەبەران و ڕێبەرانی سەردەمەکە زۆر وشیار و لێزان بن و ئەوانەش هەمووی لەسەر ویست و خواستی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک بن.
پێویستیی دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک وێستگەیەکی کورتماوە
کۆمەڵەی ژێکاف بۆ وەڵامدەربوونەوەی ڕەوتی سیاسیی تێکۆشانی تێکۆشەرانی کورد جێی خۆی دا بە حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ حیزبیش وەک پێشنیاز و بەستێنێک، هەلی وەدیهاتنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردی ڕەخساند و کۆماری کوردستان بوو بە نوێنگەی ویست و خواستی خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراو. بەشداری تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. هەرچەند بەهۆی بارودۆخی ژیان و ئامرازی هاتوچۆ و دەیان هۆکاری تر، بەشداری لە ئاستێکی بەرفراواندا نەبووە بەڵام ئامادەبوونی کەسانی دیار و بەرچاو لە ڕەوتەدا، تەنیا بەو مانایەیە کە کۆماری کوردستان، کۆماری هەموو کوردان و ویستی هەر تاکێکی کوردی تێکۆشەر و خاوەن هەڵوێست بووە.
لەو پرۆسەیەدا ناوی دەسەڵات، ستراکتۆری دەسەڵات و هێماکانی دەسەڵات یەک لەدوای یەک خووڵقێندران یان لە حاڵەتی سوونەتییەوە بۆ شیوازی بەڕۆژ و بەسیستەمکراو گۆڕدران، هەر وەک:
- دیاریکردنی سنووری حکوومەت بە دوو شێوەی واقعی و حقیقی
- دیاریکردنی ئاڵا وەک هێمای خاک، نەتەوە و وڵات
- دیاریکردنی هێزی چەکدار و ناودێرکردنیان بۆ جیاکردنەوەیان لە هێزە چەکدارەکانی نێوخۆی ئێران، ناوچە و جیهان
- دیاریکردنی سروودی نەتەوەیی
- دیاریکردنی ویست و خواستەکانی دەسەڵات لەمەڕ وەڵامدەربوونەوە بۆ نیاز و ویستی خەڵک، لە حکومەتدارییەوە بۆ بەڕێوەبەریی و بەخەڵکیکردن و چەسپاندنی دێموکراسی
- ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە شێواز و جۆری تێکۆشان لە ئاستی ڕادەیی و ڕێژەیی هەروەها چۆنیەتیی و چەندایەتی بۆ وەدیهاتنی ئامانج و ئاواتەکانی گەلی کورد
- بەرفراوانکردنەوەی بیری کوردایەتی بەشێوەی زێهنی و پراکتیکی.
- پێناسەی نوێ لە گەلی کورد بە خۆدیتنەوەی هەموو کوردێک لەو بازنەیەدا
- گۆڕینی وەرگرتنی ئیمتیاز یان دانوستان لە عەشیرەیی و ناوچەیی بۆ سەپاندنی ماف و ویستی گەلی کورد بەشێوەی سەرانسەری لەسەر بنەماکانی ستانداردی جیهانی و نێودەوڵەتی و دەیان خاڵی هاوچەشن و بەهێزی تر.
ئیلهامدەریی ٢٥ی گەلاوێژ و میراتی کوردستان وەک بناغەی کوردایەتی
لەدوای هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشان لەمەڕ پرسی کورد و لێدرانی چەخماخەی چەسپاندنی ئیرادەی گەل لە ٢٥ی گەلاوێژ و لێکەوتە و دەرکەوتەکانی دوای ئەو کاتە مێژووییە، بەڕوونی دەبیندرێ کە ئەو ڕۆژە جیا لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕاستیدا بووە هۆی جۆرێک بەخۆداچوونەوە، دارشتنەوە و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە جۆری ڕەهەندی خەبات و کوردایەتی.
دەسکەوتەکانی ٢٥ی گەلاوێژ کە لووتکەی هەڵوێستی گەلی کوردە لە دۆخی هەستیاری ناوچەیی و جیهانیدا، بووە وێستگە و بەستێنی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان، درێژەدانی خەباتی کوردانی ڕۆژهەڵات لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی حیزبی دێموکرات بە مانەوە لە باشووری کوردستان، پتەو و بەهێزتربوونی ڕۆحی هاوکاری لەنێوان کوردەکان بەتایبەت لە بەشە دابەشکراوەکانی تری کوردستان، زاڵبوونی هەژموونی نەتەوەیی بەسەر ویستی لۆکاڵی، عەشیرەیی و بنەماڵەیی، ئامادەیی زێهنی و واقعی بۆ خۆسازدان لەمەڕ دامەزراندنی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بە بوونی جوگرافیای تا ڕادەیەک ڕوون و دیاریکراو و هەروەها هێماکانی نەتەوەیی وەک گەلانی تر، چەسپاندنی بیری دەسەڵاتی سەربەخۆ بۆ وڵاتی سەربەخۆ و گواستنەوەی ویست و خواستەکانی گەلی کورد بۆ قۆناغێکی تر لە خەبات و تێکۆشان؛ دیاریکردنی ماف و ویستەکانی گەلی کورد وەک نەتەوە بەپێی ستانداردەکانی نێودەوڵەتی و دانپێدانراوی جیهانی، پەروردەبوون و دەرکەوتن و ڕاهێنانی تێکۆشەرانی بەوەج و کارامە و خۆنەویست لەمەڕ پرسی نەتەوەیی، و لە هەموویان گرینگتر کۆکەرەوەی گەلی کورد لەمەڕ یەک ویستی ڕوون و ئاشکرا کە وێستگەی کۆماری کوردستان خوڵقێنەری ئەو یەکگرتوویی و یەکدەنگییە و پێویستیی ئەو دووە وەک ئامرازێکی دیار و بەرچاو بووە.
لە ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ولە ٢٥ی گەلاوێژدا و لەدوای گەنجینەیەک لە دەسکەوت و تێپەڕاندنی قۆناغی قورس و هەوراز و نشێوی ڕێی خەبات، ئەوەی بەڕوونی دیار و ئاشکرایە و دەبێ دانی پێ دابنرێ، ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات و هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی تر، دەبێ خۆیان بۆ قۆناغەکانی تر ئامادە بکەن و بەستێن بۆ وەدیهاتنی ڕێژەیی ویست و ئامانجەکانی نەتەوەیی گەلەکەمان بڕەخسێنن؛ هەتا ئەمانەتی ٢٥ی گەلاوێژ و ویستی ڕاستەقینەی گەلی کورد بێتە دی.