
ئیسمایل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ئێوارەی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی سەبارەت بە چۆنیەتیی کارکردن لە هەلومەرجی نوێدا دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ.
هەروەها ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە قاهیرە لەسەر "چارەسەری کردەیی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پشکنین لە ئێران" ڕێک کەوتوون.
گروسی ئەو ڕێکەوتنەی بە "هەنگاوێکی گرینگ بە ئاراستەیەکی دروست" وەسف کرد و سپاسی بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسری کرد بۆ "پێبەندبوون و هاوڕێیەتی" لە میوانداریکردنی ئەم وتووێژانەدا.
لە دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، ئێران ڕێگەی لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بۆ دامەزراوە ناوکییەکانی گرتووە. لە سەروبەندی دەستپێکی کۆبوونەوەی وەرزانەی ئاژانسدا، چەند دانوستانێک لە نێوان نوێنەرانی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە و ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چووبوو.
ڕافائێل گروسی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هۆشداری دابوو کە وتووێژەکانی ئەم دەزگایە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان نابێ درێژتر بکرێن و خێراتر بگەنە ئەنجام.