
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئینقلابی ورمێ بە مەبەستی جیىەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
حەمید چەپاتی، لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە شەش مانگ بەندکران سزا درا و ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
پێشتر، حەمید چەپاتی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر "شاهینی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ساریخانلوو جێگری دادستانی گشتی و ئینقلابی ورمێ بە نیسبەت بڕیاری دادگای سەرەتایی ئەم چالاکە کوردە ناڕەزایەتیی دەربڕی و پاش ڕادەستکردنی دۆسییەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە، سزای بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ئەو چالاکە مەدەنییە لە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چووبوو و لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەنداندا حوکمی دادگای سەرەتایی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، حەمید چەپاتی، پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی وەپاڵدراو، لە بەشی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە مەدەنییە پاش بانگکران بۆ پۆلیسی ئەمنییەت بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کرا.