
پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەرانی حەماس لە دۆحەی قەتەر، ئەم گرووپە پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە بیئاکام بووە و سەرکردەکانی هیچیان لی نەهاتووە.
حەماس لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی ئەندامانی ڕێبەریی خۆی، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی بێئاکامبوونی هێرشەکە بۆ کوشتنی ڕێبەرانی ئەم گرووپە، ڕایگەیاند کە پێنج ئەندامیان لەم هێرشەدا کوژراون.
هەمام ئەلحەییە، کوڕی خەلیل ئەلحەییە یەکێک لە ڕێبەرانی باڵای حەماس و جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی ئەم گرووپە، جەهاد لەبەد، بەرپرسی نووسینگەی خەلیل ئەلحەییە، عەبدوڵڵا عەبدولواحد، مۆئمێن حەسوونە و ئەحمەد عەبدولمالک، لە کوژراوانی ئەم هێرشەن کە حەماس پشتڕاستی کردووەتەوە.
هاوکات وەزارەتی نێوخۆی قەتەریش ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم وڵاتە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراوە.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەپێوەندیی لەگەڵ ئامانجی ئەم هێرشە ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵە دەتوانێت ڕێگەخۆشکەری کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بێت.
نێتانیاهوو زیادیشی کردووە کە چیتر دەبێت دوژمنانی ئیسرائیل بزانن کە ڕشتنی خوێنی یەهوودی هەرزان نییە و دەبێت باجێکی قورسی بۆ بدەن و هەروەها جەختیشی کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر "بەرەی شەڕ"، تەنانەت خودی کۆماری ئیسلامییش، بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتی قەتەری بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتێکی دیکە و دەستدرێژیی ئاشکرا لە قەڵەم دا و بە توندی مەحکوومی کرد.
ئەم ئیدانەکردنەوی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە تاران پێشتر و لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بە ١٤ مووشەکی بالستیک هێرشی کردبووە سەر بنکەی ئەمریکا لە دۆحەی پێتەختی قەتەر.