کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدان و مەحکوومکردنی "شاهین وەساف" بۆ ١٠ ساڵ بەندکران

12:39 - 19 خەرمانان 2725

شاهین وەساف، هاووڵاتیی کورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی شۆڕشی ژینا کە پێشتر لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، پاش هەڵوەشانەوەی ئەو حوکمە بە ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، "شاهین وەساف"، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی شاری سەڵماس و دانیشتووی شاری ورمێ و یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی "ژێن، ژیان، ئازادی"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، کە دواتر لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە هەڵوەشێنرایەوە.

شاهین وەساف لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا و ئێستا لە بەندی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ زیندانی کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە.