کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ یەکەم جار وڵاتێکی ناتۆ چەند دڕۆنی ڕووسیەی خستە خوارەوە

16:24 - 19 خەرمانان 2725

دەوڵەتی لەهستان ڕایگەیاندووە کە شەوی ڕابردوو بەرپەرچی پێشێلکارییەکانی ڕووسیەی داوەتەوە و چەند دڕۆنێکی ئەم وڵاتەی لە ئاسمانی لەهستان خستووەتە خوارەوە.
دەوڵەتی لەهستان پێشێلکردنی هەرێمی ئاسمانیی خۆی بە هەوڵێکی دوژمنکارانە لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە ئەمە بووەتە هۆی خستنەژێر مەترسی گیانی هاووڵاتییان.
شەوی ڕابردوو چەند دڕۆنی ئەرتەشی ڕووسیە سنوورەکانی وڵاتی لەهستانیان کە یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ، بەزاند و لە کاردانەوەشدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ناتۆ و لەهستان چەند دڕۆنێکیان خستە خوارەوە.
ئەمە یەکەمین جارە پاش شەڕی ئۆکراین کە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ دڕۆنەکانی ڕووسیە دەکاتە ئامانج.
سەرۆکوەزیرانی لەهستان ڕایگەیاندووە کە مارک ڕۆتە، بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆ، لە دوایین ڕووداوەکان و بارودۆخەکە ئاگادار کراوەتەوە و چەند هەوڵێک بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکانی مۆسکۆ ئەنجام دراوە.
هاوکات چەند سێناتۆرێک لە کۆنگرەی ئەمریکا ئەم هەوڵەی مۆسکۆیان بە هەوڵێکی شەڕکەرانە لە قەڵەم داوە و داوایان کردووە کە سزاکان بۆ سەر ڕووسیە چڕتر و بەربڵاوتر بکرێتەوە.
بەپێی ڕێسانامەی پەیمانی ناتۆ یان هەمان پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هەر یەک لە وڵاتانی ئەندام، وڵاتانی دیکە ئەرکدارن کە لەو وڵاتە بەرگری بکەن.