کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی ئێران و چین و ڕووسیە بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی مێکانیزمی ماشە

11:03 - 11 خەرمانان 2725

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ وانگ یی و سێرگێئی لاورۆڤ، وەزیرانی دەرەوەی چین و ڕووسیە، لە نامەیەکی هاوبەشدا کە ئاراستەی ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردبوو، دژایەتیی تاران بۆ هەنگاوی سێ وڵاتی ئوورووپایی بۆ دەستپێکردنی ڕەوتی چالاککردنی مێکانیزمی ماشەی دەربڕی.
چین و ڕووسیە، ئەندامی هەمیشەیی شۆاری ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان، بە ڕەتکردنەوەی ئەو هەنگاوەی سێ وڵاتی ئورووپایی بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران، پشتیوانیی ئێرانیان کرد.

لە نامەکەی سێ وەزیری دەرەوەدا هاتووە کە هەنگاوی وڵاتانی ئورووپا بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە "لە ڕووی یاسایی و ڕێکارەوە کەموکوڕی تێدایە" و لە ''دەسەڵات و ئەرکەکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەڵکئاوەژوو وەردەگرێت.''

ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان، سێ وڵاتی ئووروپایی کە ئەندامی ڕێکەوتنی بەرجامن، پرۆسەیەکی ٣٠ ڕۆژەیان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کە بە "مێکانیزمی ماشە" ناسراوە، دەست پێ کرد.

سێ وڵاتی ئورووپایی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بڕیاریان داوە پێش ئەوەی توانای خۆیان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران کە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەردا بەپێی بەرجام هەڵگیرابوون لەدەست بدەن، مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن.

شۆاری ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٧ی خەرمانان کۆبوونەوەیەکی داخراوی بۆ پێداچوونەوە بە نامەکەی سێ وڵاتی ئورووپایی ئەنجامدا، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاو نەکرایەوە.