کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی سیاسی لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژھەڵات لە پارلەمانی سویس

10:44 - 20 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٤ (٩/٩/٢٠٢٥) لە پارلەمانی سویس و لەسەر بانگھێشتی فەرمیی گرووپی پارلەمانی سویس -نەتەوەی کورد کۆبوونەوەیەکی سیاسی لەسەر بارودۆخی سیاسی و مافی مرۆڤی ئێران بەگشتی و دۆخی کورد لە ڕۆژھەڵات بە تایبەتی بە ئامادەبوون پارلەمانتارانی فراکسیۆنی حیزبی سۆسیال دێموکرات و فراکسیۆنی حیزبی سەوز بۆ شاندێكی حیزب بە سەرۆكایەتیی ھیوا بەھرامی بەرپرسی ناوەندی پێوەندییەكانی دەرەوە و هاوڕێیەتی خاتوو میدیا پیرۆتی نوێنەری حیزب لە وڵاتی سویس ڕێک خرا .

خاتوو نازیلە ئەفخەمی نوێنەری ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، بانگهێشتی ئەم كۆبوونەوەیە كرابوو .

کۆبوونەوەکە بە سەرۆكایەتیی سێناتۆر کارلۆ ساموەر و بەشداریی سیبێل ئەسلان و فابیان مۆلینا ئەندامانی پارلەمان بەڕێوە چوو.

سێناتۆر سامۆڕوگا باسێکی کورتی لەسەر ئێران و ناوچەکە پێشکەش کرد.

دواتر فابیان مۆلینا پارلەمانتاری حیزبی سۆسیال دێموکراتی سویس پیرۆزبایی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی لە بەردەوامیی خەباتی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز ھیوا بەھرامی باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشكەش كرد.

بەھرامی لە باسەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە كۆماری ئێسلامی پاش ٤٧ ساڵ هاتنەسەركاری هێشتا لەو باوەڕەدایە کە دەكرێ پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە رێگای توندوتیژی و سەپاندنی فەزای ئەمنییەتی و گرتن و كوشتنی ئازادیخوازانەوە بەلاڕێدا ببات و دەنگی بزووتنەوی ڕزگاریخوازیی كوردستان كپ بكاتەوە. هەر بویەش كەیسی كوردستان ساڵانێكە دراوەتە دەستی سپای پاسداران و بەکردەوە وەک كەیسێكی ئەمنییەتی نەک پرسێكی سیاسی چاوی لێ دەكرێت.

بەهرامی لە درێژەی باسەکەیدا گوشارە نێونەتەوەییەكان و لەوانە گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکای بۆ سەر ڕێژیم بە كاریگەر بەڵام ناكافی ناو برد.

ناوبراو وتی هەر كات گەمارۆكانی سەر ڕێژیمی ئێران گەیشتنە ئاستی ئەو گەمارۆیانەی بە سەر ڕووسیەدا سەپێنراون، دەتوانن كاریگەریی باشتریان هەبێت بە جورێک كە ڕێژیم نەتوانێت دەوریان بداتەوە.

هەروەها باسی ئەوەی كرد كە گەمارۆكان دەبێ فرەچەشن بن و گەمارۆی سیاسی و دیپلوماسیش لەخو بگرن.

بەھرامی ڕەخنەی لە ھێندێک وڵاتی ڕۆژاوایی گرت کە لە ڕابۆردوودا لە کەمکردنەوەی گووشارەکان و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان یاریدەری کۆماری ئیسلامی بوون.

بەهرامی لە هەر دوو فراكسیونی  بەشداری كوبوونەوەكە داوای كرد پرسی ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێكخراوێكی تێرۆریستی لە پارلەمانی سویس بکەنە ڕۆژەڤ.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا كە سپای پاسداران ڕۆلی ڕاستەوخۆی لە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی مەدەنیی ئێران و كوردستان ھەبووە و وەک یەكێک لە فاكتەرەكانی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە قەڵەم دا.

بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب لەسەر داوای پارلەمانتارانی سویس باسێكی كورتی سەبارەت بە دۆخی ئەحزابی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەش كرد. ناوبراو لە باسەكەیدا باسی ئەو هەوڵانەی كرد كە بو هاوكاری و هاودەنگی لە نێوان هێزە كوردستانییەكاندا لەئارادایە.

لە كۆتایی باسەكەیدا هیوا بەهرامی ئاماژەی بەوە دا كە بە نەمانی كۆماری ئیسلامی ئاشتی و ئاسایش دەگەڕێتەوە بو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەش كاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر ئاسایشی ئورووپا دەبێت.

دواتر فابیان مۆلینا ئاماژەی بە گرینگ بوون و بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان سیاسەتمەدارانی سویس و نوێنەرانی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکرات کرد و ئامادەیی خۆیانی بو پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕەوای كورد دەربڕی.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو داواكارییەی خستە ڕوو كە پێداچوونەوە بە بڕیاری ساڵی ٢٠٢٣ دەوڵەتی سویس سەبارەت سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پرسی مافی مرۆڤدا بكرێت كە شاندی خانەخوێ بەڵێنیان دا بەدواداچوونی بۆ بكەن.