
فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بۆ شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەڵێنییە ناوکییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە و پیتاندنی ئورانیۆم لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە.
لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانانئ ١٤٠٤ بڵاو کرایەوە، وڵاتانی ئورووپایی وێڕای بەرز نرخاندنی ڕاپۆرتە پیشەیی و سەربەخۆ و بێلایەنەکانی ئاژانس، جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران تاکە وڵاتێکە کە ئورانیۆمی تا ئاستێکی زۆر بەرز پیتاندووە بەبێ ئەوەی چەکی ئەتۆمی هەبێت و هیچ پاساوێکی قەبووڵکراو بۆ مەبەستی ئاشتییانەی ئەم ئاستە لە پیتاندنی ئەتۆمی نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانس، ڕێژیمی ئێران لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤ بە هێرشی سەربازی کرایە ئامانج و لەو کاتەوە دەستی پشکێنەرانی بۆ ناو دامەزراوە ناوکیییەکانی و پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێنراو سنووردار کردووە.
هەروەها ئاژانس هێشتا ناتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا دامەزراوەیەکی نوێ لە ئێسفەهان دروست کراوە یان نا، لەکاتێکدا بەپێی بەرجام دەبێت هەموو چالاکییەکانی پیتاندن لە نەتەنز ئەنجام بدرێت.
لەو بەیاننامەدا هاتووە: ''ئێستا کاتی ئەوەیە ئێران بە کردەوە نیشان بدات کە ئامادەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماتیک، نەک بە بەڵێندان سەبارەت بە داهاتوو.''
لە کۆتاییدا فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا داوایان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی کرد کە ڕاپۆرتی ڕێکوپێک سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران پێشکەش بکات، هەروەها ئەم ڕاپۆرتانە بە ئاشکرا بڵاو بکاتەوە هەتا ڕوونکاری و چاودێریی نێودەوڵەتی بەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران پارێزراو بێت.