
کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران، لە بانگەوازێکی گشتییدا داوای لە هەموو هاووڵاتییان کردووە تاکوو بەڵگەکانی خۆیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕادەستی ئەم کۆمیتە بکەن.
کۆمیتەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی پێک هات، لەم بانگەوازەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە بەڵگەکانی خۆیان بۆ دەرکەوتنی زیاتری پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەست بکەن.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەهاری ئەمساڵدا وێڕای درێژکردنەوەی پێئەسپێردراوی ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، پێئەسپێردراوی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانیشی درێژتر کردەوە و چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیشی بەربڵاوتر کردەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە لێکۆڵینەوەکانی لە سەر شێوازی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، توانیبووی کۆماری ئیسلامی بە "تاوان بەدژی مرۆڤایەتی"، تۆمەتبار بکات.
لە ئیستادا ئەم پێئەسپێردراوییە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێ دراوە و تەنیا تایبەت بە بزووتنەوەی ژینا نییە و هەموو پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی مرۆڤدا دەگرێتە خۆی.
ئەم کۆمیتە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە بەڵگەکانی خۆیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ١٣٨٨ و ١٣٩٨، ناڕەزایەتییەکان لە سەر بابەتی بێئاوی لە ساڵی ١٤٠١، کەڵکوەرگرتنی ڕێژیم لە سێدارە لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا، دەسبەسەرکردن و بەندکرانە سەرەڕۆیانەکان، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنەکان، ئەشکەنجە، توندوتیژییە ڕەگەزییەکان، تۆقاندنی بنەماڵەی قوربانییان، ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەبێ هیچ خشتەیەکی دیاریکراوی کاتی، ڕادەست بکەن.
ئەم کۆمیتە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە پاراستنی سەرچاوەی بەڵگەکان گرینگییەکی تایبەتی دەبێت و تەنیا بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی سەرچاوەکان بڵاو دەکرێنەوە.