کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەککەوتنی پرۆژیەکی گەورە لە خۆڕەماوا بەهۆی ناکارامەیی و ناڕوونی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی

11:55 - 20 خەرمانان 2725

پرۆژەی بورجە دووانەکانی خوڕەماوا کە لە ساڵی ١٣٩٣ بە بەشداریی شارەداری و گرووپی وەبەرهێنانی موعین کەوسەر دەستی پێ کردووە، ئێستا دوای زیاتر لە ١١ ساڵ بووەتە یەکێک لە هێما دیارەکانی ناکارامەیی سیاسەتی ئاوەدانی و بەڕێوەبردنی کۆماری ئیسلامی.

ئەم پرۆژەیە کە بە بەڵێنی دروستکردنی گەورەترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە لوڕستان دەستی پێ کرد، نەک هەر جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو بووەتە هێمای چەقبەستن و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

لە کاتێکدا کە میلیاردها تمەن سەرمایەی گشتی لەم پرۆژەیەدا ڕاگیراون، بەرپرسان تەنیا بەڵێنی ناڕوونیان داوە. بونیادی موستەعزەفینی ڕێژیم وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردن کە بەشدارییەکی گەورەی لەو پرۆژەیەدا هەیە، هەوڵ دەدات لەبری وڵامدانەوە لە ئەرکەکانی بکشێتەوە.

ئەم دۆخە تەنیا لە خۆڕەماوادا سنووردار نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی سیاسەتە گشتییەکانی ڕێژیمە کە ڕوونکاری و بەرپرسایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام جێگەیان نییە. پرۆژە نیوەچڵەکان دەرئەنجامی دەیان ساڵەی بەڕێوەبردنی ڕانتی و نەبوونی چاودێریی کاریگەرە کە هەر بەردەوامن.