کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا

12:02 - 20 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، بەفرین مەعرووفی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان و بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، پاش تێپەڕاندنی ١٠٩ ڕۆژ سزای داسەپاو و لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکە ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووتێژێکدا لەگەڵ کوردپا ئازادیی بەفرین مەعرووفیی پشتڕاست کردەوە. ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانیش کاتی ئازادی و گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ماڵ و پێشوازیی بنەماڵەکەی نیشان دەدەن.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بەفرین مەعرووفی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ کرا. ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" بە چوار مانگ و حەوت ڕۆژ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم ژنە کوردەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردبوو. ناوبراو پاش دەسبەسەرکران و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا و ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەفرین مەعرووفی کچی ڕەحمان و لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ە.