
تایمزی ئیسرائیل لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە زیاندیتوویی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ئاماژەی بەوە داوە "سەرەڕای ئەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی تاران زیانی جیددیی بەرکەوتووە، توانای بەرەنگاریی لاواز بووە و پاشەکەوتی مووشەکی کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی جێگای مەترسییە".
هەواڵدەریی "تایمزی ئیسرائیل" ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی خەرمانان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە توانای سەربازیی ڕێژیم کردووە و نووسیویەتی: "توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەسەر هێزی ئاسایی نەبووە بەڵکوو لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی، دەسەڵاتی بە سەر دەریاکان و توانای بەردەوامبوون لە دروستکردنی بشێوی و شەڕەنگێزییەوە پشتیان بە سیاسەتی "ناهاوسەنگ" بەستووە".
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی پاشەکەوتی پێویستی مووشک بۆ هێرشێکی ڕاستەوخۆی دیکەی نەماوە.
لە ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە ئیسرائیلییەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی لەدەستدانی ڕەوایی لەنێو خەڵکی ئێران، شکستی گەورەی لە بەرانبەر ئیسرائیل، قەیرانە ئابوورییەکان و دەیان قەیرانی دیکە زیاتر لە هەموو کاتێک لە لێواری هەڵدێردایە.
تایمزی ئیسرائیل هەروەها باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی کە توانای هێرشی ڕاستەوخۆی نەماوە هەوڵ دەدات لە درێژماوەدا لە ڕێگەی هێرشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە، دروستکردنی بشێوی لە دەریاکان و ئۆپەراسیۆنی تەریککەوتنەوەی سیاسییەوە، ئیسرائیل بێزار و ماندوو بکات بەڵام ئەوەش بە واتای بێ کۆتاییبوونی تواناکانی لەو بوارەوە نییە و هاوکات خۆیشی تووشی زیان دەبێت.
ئەو ڕاپۆرتەی تایمزی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل لە دوای ئاگربەست باسیان لە کۆتایینەهاتنی شەڕ کردووە و هەڕەشەی دووبارە دەسپێکردنەوەی شەڕیان کردووە.