کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگ و نەمان بۆ ژیان

15:29 - 21 خەرمانان 2725

دارسمە

ڕەنگە ئەم سێ ڕستەیەی سەرەتای ئەم کورتە یادداشتە، وەک مۆسیقایەکی خۆش نەیەنە بەر گوێتان و تەنانەت لەوانەیە هەندێکتان تووشی ڕاچڵەکین بکات. ببوورن مەبەستم داچڵەکین بوو، بەڵام ڕاستییەکی تفتە و واباشە لێی بیدەنگ نەبین. ڕستە ناخۆشەکانیش هەموویان ڕستەی هەواڵین و پێمان ڕادەگەیەنن: ئاستی ئاوی ڕووبار و بەنداوان بە شێوەیەکی کارەساتبار دابەزیوە. بەهای دۆلاری ئەمریکایی تا ئەوپەڕی ئاسمان هەڵکشاوە و مانگا پیرە بەتەواوی وشکی کردوە و تڵپاتی تەڕی لە مێشکیدا نەماوە. بە دووری نازانم سەبارەت بە ڕستەی سێهەم واتە وشک‌کردنی مێشکی مانگا پیرە تووشی سەرسووڕمان بن و هێندێک لەو خوێنەرانەی دوو لەڕووی تۆی خوێنەر قیچۆکەک گەمژەن، بۆیان هەیە بەنجەی ئەسپێکوژەیان وەبەر لیچیان بدەن و سەریان سووڕ بمێنێت بۆچی مانگا پیرە لە جیاتی گوانی هەڵقرچێت و شیری تێدا نەمێنێت، مێشکی هەڵقرچابێت وتەڕایی تێدا نەمابێت.

خوێنەری ئازیز، تکایە بۆ ساتێک ئەم دیمەنە ترسناکە بهێنە بەرچاوی خۆت: تۆ لە ماڵێکدا خەریکی ژیانی و ناچاری بۆ خواردنەوە و خۆشووشتن و تەنانەت بۆ لابردنی گەردی دڵتەنگییەکانیشت کەلک لە ئاو وەربگری و ئەم ئاوەش ڕۆژبەڕۆژ کەم بکات. لەولاوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەت، پێویستە هەرچی دەیفرۆشیت و دەیکڕی، بەپێی بەهای دۆلار هەڵیسەنگێنی و ئەویش وەک ئەژدیهایەکی حەوت‌سەر بەردەوام بەهای بەرز دەبێتەوە و نرخی ژیانی تۆ دادەبەزێنێت. لە هەمووی کارەساتبارتر، لە جیاتی ئەوەی کەسێک هەبێت ڕێنوێنیت بکات و ڕێگەچارەیەکت بۆ بدۆزێتەوە، یەکێکی وەک مانگای پیر پێشت بکەوێت، کەچی لە ڕاستیدا مێشکی وەک گوانە چرچ و وشک هەڵگەڕاوەکەی تڵپەیەک زانیاریی بەکەڵکی لێ نەیەتە خوارەوە. ئەودەم دەزانی تووشی چ جۆرە ژیانێک بوویە.

باس لە "ژیان" کرا. بێگومان هەموومان دەزانین ژیان چیە و چۆنە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە ئەم وشەیە لە کۆڵمان نابێتەوە. لە لایەک ژن و پیاومان هەیە ناویان "ژیان"ە و ژیانیان لێ تاڵ و هێندیک جاریش شیرین کردووین. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەگەر لە یادتان بێت، لە ساڵانی ڕابردوودا "ژیان" ئۆتۆمبێلێکی سێ پستۆنی فەرەنسایی هەرزان و خۆش‌ڕەوت بوو. ئەندازیارانی بە جۆرێک سپرینگ و فەنەرەکانیان بۆ دروست کردبوو و جەندەکی ئۆتۆمبێلەکەیان لەسەر دانا بوو، ئەوەندەی بڵێی نەرم ونیان بە ڕێگەدا دەڕۆیشت. سەرەڕای ئەوەی سووتەمەنییەکی زۆر کەمی دەویست، لەسەر شەقامە پڕ لە چاڵ و کۆسپەکانیشدا وەک لانکەی منداڵ نەرم دەجووڵایەوە. ئەوسا، سوارەکانی لە خوایان دەویست ئۆتۆمبێلەکە بە ئەملا و ئەولادا بلەقێتەوە و وەک جۆلانێ ڕایانهەژێنێت. بەداخەوە، دوای نەمانی ئەو ئۆتۆمبێلە، "ژیان" بەڕاستی ڕوویەکی دیکەی خۆی نیشان داین. بەڵام هەر بەردەوام بوو. ئەی ئەوە نیە ئێمە هێشتا دەژین، یان وەک زماننەزانانی ئەم سەردەمە دەیڵێن "ژیان دەکەین"؟

جا باشتر وایە واز لەم باسەی ژیان و میانە بهێنین، نەوەک تووشمان بە تووشی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ببێتەوە. ئەی نابینن چۆن ئەم وشەی "ژیان"ە لە هەموو کون و کەلەبەرێکەوە خۆی دەردەخاتەوە؟ تا دوێنێ ناوی مرۆڤی نێر و مێ بوو، ناوی ئۆتۆمبێلێکی لەبیرکراو بوو، ناوی ئەو مەودایە بوو لەدایکبوون لە مردن جیا دەکاتەوە، کەچی ئێستا خۆی بەنێو دروشمی سیاسیی گەورەشدا کردووە و بۆتە هۆی سەرئێشە.

ئەگەر بە قسەی من دەکەن، با واز لە ژیان بهێنین و بچینەوە سەر باسی ئەو مانگا پیرەیەی مێشکی تەنانەت تڵپەیەک زانیاریی خراپیشی تێدا نەماوە، چ جای زانیاریی باش! سەردەمانێک ئەو مێشکە شتی سەیروسەمەرەی تێدا بوو. بۆ نموونە، هەوڵی دەدا پێمان بسەلمێنێت ئامانجی شۆڕشی ئیسلامی تەنیا ئەوەیە هەناردەی وڵاتانی دیکەی بکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ژیانی خەڵکی نێوخۆ بە هەموو شێوەیەک پێشتی تێ‌بکرێت و هیچ بایەخێکی نەمێنێت، تا جیهان ئیرەییمان پێ ببات! بەڵام دوای ئەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک سکڵی ژێر خۆڵەمێش گڕی سەند و چەندین مانگ دواتر ئیسرائیل و ئەمریکا بە کردەوە ڕووبەڕووی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بوونەوە، دۆخەکە بەتەواوی شپرزا.

ئێستا دەرەنجامەکەی چیە؟ ئەو دۆلارەی ڕۆژگارێک بە زەحمەت حەوت تمەنمان پێ دەدا، ئەمڕۆ بە زیاتر لە سەد هەزار تمەنیش لووتمان بەسەردا ناهێنێت. ئەو ڕووبارەی جاران بە بەلەم و لۆتکە لێی دەپەڕینەوە، ئێستا ئەوەندە ئاوی تێدا نەماوە بەشی دەستنوێژی سۆفییەکی شایی بە قیامەتیش بکات. مێشکی کابراش، وەک گوانی مانگا پیرە، بەتەواوی وشکی کردوە و هیچ بیرۆکەیەکی تازەی لێ هەڵناهێنجرێت.

کەواتە، ئەو شتەی ئەم هەموو دەردەسەرییەی بەسەر هێناوین بێگومان "ژیان"ـە! مادام وایە، بۆچی هاوار نەکەین و نەیڕووخێنین؟ بۆچی بە دەنگی بەرز نەڵێین: بڕووخێ ژیان؟ ئەگەر ئەم ژیانە بڕووخێت هەموومان بە گەردوونیشەوە ڕزگار دەبین و چی دیکە پێویستیمان پێ نابێت. ئەگەر ژیان نەبێت، هەرچی روحی دەبەردایە دەحەسێتەوە. ئامانجی مانگا پیرەی ئێمەش بن‌بڕ کردنی ژیانە، بۆیە لە مێشکی خۆیەوە دەستی پێ کردوە.