کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدێڵ ئیست فۆرم: سپای پاسداران ڕێکخراوێکی دەوڵەتی-تێرۆریستییە کە ئەرکی پاراستنی ڕێژیمە

12:11 - 11 خەرمانان 2725

ناوەندی بیرکردنەوەی "میدێل ئیست فۆرم"، بەبۆنەی دەرکردنی باڵوێزی ئێران لە ئوستراڵیا لەپێوەندی لەگەڵ هەوڵێکی تێرۆریستی بە دژی یەهوودییەکانی ئەو وڵاتە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، وتارێکی شیکاریی لەسەر جەوهەر و پێناسەی سپای پاسداران بڵاو کردووەتەوە و باسی لە پێئەسپێردراوییە ئیدۆلۆژیکییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی دەوڵەتیدا کردووە.
جاناتان سپایەر، نووسەری وتارەکە، سپای پاسدارانی بە تێکەڵەیەک لە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و گرووپێکی تێرۆریستی لە قەڵەم داوە کە هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران چالاکی دەکات و نووسیویەتی: "ڕێژیمی تاران هەم خۆی بە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و هەم ناوەندی بزووتنەوەیەکی جیهانیی ئیسلامی دەزانێت و وەزارەتی ئیتلاعات بەگشتی پێوەندیی بە ڕۆڵی یەکەمەوە هەیە و سپای پاسدارانیش نوێنەری ڕۆڵی دووهەمی ڕێژیمە".
نووسەری ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی سپای پاسداران باس لە ئەرکی ئەم دامەزراوە بۆ پاراستنی ڕێژیم و بەرەوپێشبردنی بیرۆکە ئینقلابییە ئیسلامییەکانە کە لەژێر ئەو ناوەدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و جەختی کردووەتەوە کە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە چوارچێوەیەکی بەربڵاوی بازرگانی، سەربازی، سەرکوتی ناوخۆیی و هەوڵی تێکدەرانە لە دەرەوەی وڵات دەگرێتە بەر.
میدێل ئیست سەبارەت بە سەرکوتی ناوخۆیی نووسیویەتی: "سپای پاسداران چەکدارانی بەسیج لە نێوخۆی ئێران کۆنتڕۆڵ دەکات و ئەمە ئامرازی سەرەکی بۆ سەرکوتی ناڕازییانی ناوخۆییە کە بە دڕندانەترین شێوە ئەنجام ئەدرێت".
بابەتەکە لەم پێوەندییەدا زیادی دەکات کە ئەم گرووپە تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرپرسیاری هەوڵە توندوتیژانەکان لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیدا بووە و باسیشی لەوە کردووە کە بەپێی بەڵگەکان سپا لە چەکدارانی میلیشیا عەرەبەکان بۆ ئەم سەرکوتکردنە ناوخۆییە کەڵکی وەرگرتووە.
وتارەکە لە بەشێکی دیکەدا دەپەرژێتە سەر ڕۆڵی سپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە سیاسی-سەربازییە ئەمنییەتییەکان لە وڵاتانی دراوسێ و پاشان کەڵکوەرگرتن لەم دامەزراوانە وەک ئامرازێک بۆ سیاسەتی دەوڵەتی.
سپایەر کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی وەک هێزی پێوەندیدار بە میلیشیاکانەوە، بە زەبرێکی قورس بۆ ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەزانێت و پاشان هێرشی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر ئەم گرووپانەی بە هۆکاری پاشەکشێی ئەم سیاستەی تاران لە قەڵەم داوە.
ناوبراو هەروەها سپای پاسدارانی بە ئێمپراتۆرییەکی ئابووریی گەورە شوبهاندووە کە دەستی بە سەر بازرگانی، پیشەسازی، وزە، بانکداری، سیستمی گواستنەوە، کانگاکان، پزیشکی، وەرزش و هەناردە و هاوردەکردندا گرتووە.
وتارەکە لە بەشی کۆتاییدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئوسترالیا و چەند وڵاتی دیکەی جیهان سپای پاسدارانیان وەک دامەزراوەیەکی تێرۆریستی لە قەڵەم داوە، ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە ڕێگەی بەم وڵاتە داوە کە بەپەلە هەوڵەکانی بە دژی هەر کەس یان دامەزراوەیەک کە لەم گرووپە پشتیوانیی بکات، بخاتە گەڕ.