کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە سەقز پێشی بە ڕێپێوانێک بۆ یادی شەهیدانی ژینگە گرت

10:29 - 22 خەرمانان 2725

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕێژیم پیشی بە ڕێپێوانێکی شاخەوانی لە سەقز گرت کە بڕیار بوو بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی سنە بەڕێوە بچێت.

بەپێی زانیارییەکان، لە ڕۆژی ١٨ی خەرمانانەوە، ڕێکخراوی ژیانی سەوزی سەقز بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانان، ڕێپێوانێکی شاخەوانی بەبۆنەی چلەی شەهیدانی ژینگەی سنە لە سەر کێوی جاقلی سەقز بەڕێوە دەبات.

بەپێی زانیارییەکان ئەم رێپێوانە بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەڵوەشاوەتەوە.

ڕێکخراوی ژیانی سەوزی سەقز بە بێ ئاماژە بە هیچ چەشنە هۆکارێک، شەوی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە "شاخەوانییەکەی ڕۆژی هەینی هەڵوەشاوەتەوە و بەڕێوە ناچێ."

لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاوی کێوی ئاویەردا لە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، چەند کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بەسەختی بریندار بوون. بەداخەوە سێ کەس لەو ژینگەپارێزانە بە ناوەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی بە ڕیز لە ڕۆژانی سێ، پێنج و شەشی گەلاوێژی ١٤٠٤دا شەهید بوون و ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکان و پرسەی ئەم شەهیدانە، بەشێوەیەکی بەشکۆ لەلایەن خەڵکی بەئەمەگی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.