
بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: بێگومان شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرینترین و درێژخایەنترین بزووتنەوەی سەرانسەری لە ٤٧ ساڵی ڕابردوو لە ئێران بووە.
دەقی ئەم بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:
لە کۆتایی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە دوای دەیان ساڵ دووچاوەکی و جیاکاری و نابەرابەریی نەتەوایەتی و چینایەتی و ڕەگەزی و گوێنەگرتنی دەسەڵات بۆ داوا ڕەواکانی گەلانی ئێران، سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، بەتایبەت بەرەی یەکگرتووی کورد بۆ وەدیهێنانی مافە بنەڕەتی و ڕەواکانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە، بەداخەوە هەواڵی شەهیدبوونی کچە کوردێک بە ناوی ژینا ئەمینی بە بیانووی حیجاب لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە لە شاری تاران، هەست و سۆزی گەلانی ئێران، بەتایبەت گەلی کوردی بە جۆش هێنا. چۆنیەتیی شەهیدبوونی ژینا لە شاری غەریب و لە بێکەسی و پێداگریی دەسەڵات و بیانووی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشبوونی ژینا و خۆ دەربازکردن لە وەئەستۆگرتنی مەسئوليەتی ئەو کارەساتە، بووە هۆی بەرپابوونی شۆڕشێک کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرتاسەری کوردستان و ئێرانی گرتەوە کە بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێ کرد و و هەر بەو دروشمەوە ناوی دەرکرد.
بێگومان شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرینترین و درێژخایەنترین بزووتنەوەی سەرانسەری لە ٤٧ ساڵی ڕابردوو لە ئێران بووە.
ئەوەی کە لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا دیار بوو، جگە لە پێشەنگایەتیی ژنان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، داواکاریی هەمەلایەنەی چینە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی تێکۆشەر بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و لە ناویاندا مافە نەتەوایەتی و شوناسخوازەکانیان بوو.
بە پێی ئامارەکان ئەم شۆڕشە زیاتر لە ٢٠٠ شار و ١٨٠ زانکۆی گرتەوە کە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان تێدا بەڕێوە چوو. بەداخەوە لەو شۆڕشەدا سەدان کەس شەهید و بریندار بوون.
لە دوای تێپەڕ بوونی ٣ ساڵ لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئەم بزووتنەوە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و ڕۆژانە شاهیدی بەڕێوەچوونی دەیان کۆڕ و کۆبونەوەی نەتەوەیی و نافەرمانیی سەرانسەریی ملیۆنان ژن و کچی ئەم وڵاتە لە دژی باڵاپۆشیی زۆرەملێ و هەروەها مانگرتن و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، پەرستارانین.
کەموکوڕیی ئاو و کارەبا و گاز و باری نالەباری ئابووری و گرانیی لەڕادەبەدەر و شەڕی ئێران و ئیسرائیل و تەمی دووبارەبوونەوەی شەڕ و نادیاریی داهاتووی ئەم وڵاتە باڵی بە سەر ئێراندا کێشاوە و بێمتمانەیی و دڵەڕاوکێی لە ناو تاکی ئەم وڵاتەدا درووست کردووە.
بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ژینا و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سەڕی ڕێز و نەوازش بۆ هەموو قوربانییانی ئەم شۆڕشە دادەنەوێنێ و بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی ناکات.
بە هیوای ڕۆژانی باش و ئاسۆیەکی گەش.
بەرز و پیرۆز بێت یادی قوربانییانی ڕاپەڕینی ژینا
بەرەی یەکگرتووی کورد
خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی