کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لۆمۆند: ئیسرائیل گومانی هەیە کە هەموو بنکە ناوکییەکانی تاران لەنێو چووبێتن

10:58 - 22 خەرمانان 2725

لۆمۆندی فەرانسە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەوەیە کە ئەم بنکانە بەگشتی لەنێو نەچوون و دەکرێت لە داهاتوودا نۆژەن بکرێنەوە.
ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکەوە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی لە دوایین هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەگەرچی زۆربەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەتایبەتی فۆردۆ و نەتەنزیان لەنێو بردووە، بەڵام ڕوون نییە کە لە ئیستادا کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەکی دیکە توانای وەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆی هەیە.
ئەم سەرچاوە فەرانسەییە بە لۆمۆندی ڕاگەیاندووە کە تاران پاش هێرشەکانی ئیسرائیل توانای وەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆی لە کورتماوەدا نییە بەڵام دەتوانێت لە درێژخایەندا کەرەستە پێویستەکانی خۆی دابین بکاتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پاش ئەنجامی هێڕشە قورسەکانی واشینگتۆن و تێلاڤیڤ بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی تاران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، چەند جارێک جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ئەم بنکانە بە تەواوەتی لەنێو چوون.
پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران پشتڕاستیان کردبووەوە کە پاشەکەوتەکانی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە ژێر ڕووخاوە و وێرانەکانی نەتەنز و فۆردۆ بەجێ ماون و دەستیان پێ ڕاناگات.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لە نیوان ئێران و ئاژانسی وزەی ناوکی هاتە ئاراوە کە بەپێی ئەم ڕێککەوتنامەیە، پشکێنەرانی ئاژانس دەتوانن سەردانی بنکە ناوکییەکانی تاران بکەن. ئاژانس دەتوانێت سەبارەت بەو بنکانەی کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کراونەتە ئامانج، ڕاپۆرتێک دروست بکات.
تاران جەختی کردووەتەوە کە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس تەنیا لە ئەگەری ڕاگرتنی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.