کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی كۆمەڵێک لە چالاکانی ڕێكخراوەی فەرهەنگی، مەدەنیی، ژینگەپارێز و كەسایەتییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا

11:32 - 22 خەرمانان 2725

كۆمەڵێک لە چالاکانی ڕێكخراوە فەرهەنگی، مەدەنیی، ژینگەپارێز و كەسایەتییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند: ئەم بزووتنەوەیە تەنیا خەباتێک بۆ مافی ژنان نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکە بۆ ئافراندنی داهاتوویەکی ئازاد و ئینسانی بۆ هەموو نەتەوەکانی کورد و عەڕەب و بەلووچ و تورک و فارس و باقی کەمینەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران.

 

دەقی ئەم بەیاننامەیە بەم شێوەیە:

لە سێهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، ژینای کوردستان جارێکی دیکە برینە کۆنەکان لە دڵماندا تازە دەبنەوە. ژینا تەنیا نێوێک نییە بەڵکوو هێمای زیندووی بەرخۆدان و ئازادیخوازییە، مردنی ژینا بە دەستی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامی بوو بە چەخماخەیەک، هەر وەکوو جیهان دیتی بنیاتەکانی ئەم ڕێژیمەی وەلەرزە خست، بەجۆرێک کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە هاواری میلۆنان کەس لە ئێران و جیهان، بوو بە هێمای ئازادی و بەرابەری و بەرخۆدان.

ژینا قوربانی توندوتیژییەک بوو کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرەستەوە یەخەی گەلانی ئێرانی گرتووە، بەڵام خوێنی ئەو و هەزاران شەهیدی دیکە کە لەم ڕێگایەدا ڕژا، نیشانی دا کە خەڵک چیدیکە نایانهەوێ لە کۆت و زەنجیردا بمێننەوە و تینووی ئازادین. ئەم بزووتنەوەیە تەنیا خەباتێک بۆ مافی ژنان نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکە بۆ ئافراندنی داهاتوویەکی ئازاد و ئینسانی بۆ هەموو نەتەوەکانی کورد و عەرەب و بەلووچ و تورک و فارس و باقی کەمینەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران کە هەرکامیان بەشێکی بەرابەر لە سازکردنەوەی وڵاتێکی ئازاد و دادپەروەردا دەگێڕن.

ئەمڕۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانێکی هەمەلایەنە وەکوو قەیرانی قووڵی ئابووری بەجۆرێک کە فەقیری و بێکاری خەساری قەرەبوونەکراوی لە میلیۆنان کەس لە وڵاتی دەوڵەمەندەی ئێران داوە. قەیرانی ڕەوایی بەجۆرێک کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک ئەم حکوومەتە بە هی خۆیان نازانن، قەیرانی کۆمەڵایەتی بەجۆرێک کە شکافی نێوان خەڵک و دەسەڵات ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. هەروەها قەیرانی سیاسی و نێونەتەوەیی تەریکبوونەوەی رێژیمی ئێران لە جیهانی لێ کەوتۆتەوە و سەرکوتە خوێناوییەکانی نێوخۆ، پایەکانی دەسەڵاتی لە ئێران لە هەمیشە زیاتر لەرزۆکتر کردووە.

ئەم قەیرانانە نیشانەی ڕووخانن، سەرکوت و توندوتیژی ڕێژیم، نەتەنیا بزووتنەوەکە ڕاناوەستێنێ، بەڵکوو پایە ڕزیوەکانی ئەم دەسەڵاتە ڕەشە لەرزۆکتر دەکا.

لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینادا، ئێمە كۆمەڵێک لە چالاكانی مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەپارێز، خوێندكاران و قوتابییان، مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەمیشە یاد و ناوی ژینا بە زیندووی ڕادەگرین و درێژەدەری ڕێگای هەموو شەهیدەکانی ئەم ڕێگا و ڕێبازە پیرۆزە کە ئازادبوون لە ژێردەستەیی و ئازادبوون لە دەستی کۆنەپەرستترین و جەللادترین ڕێژیمی جیهانە درێژە دەدەین. بێگومان ئازادی خەباتی دەوێ و ڕێگای ئازادیش پڕ لە کەندوکۆسپە، بەڵام ڕێگایەکی پڕ لە هیوایە، ئازادی لە هەمووکات نزیکترە.

 

یادی و ناوی ژینا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی هەرمان

ژن ژیان ئازادی

 خەرمانانی ١۴۰۴ی هەتاوی__ ڕۆژهەڵاتی كوردستان