کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستاندا بۆ وەرگرتنی ڕەوایی خۆی سیاسەتی ئاڵۆگۆڕکردنی مۆرەکانی دەست پێ کردووە

12:28 - 22 خەرمانان 2725

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەوایی خۆی و جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕاوڕووت، مۆرەکانی خۆی دەگۆڕێ.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سنە ڕێژیم یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری سنەی بە ناوی ئەسعەد فەریدی لە کار دوور خستووەتەوە و مۆرەیەکی دیکەی خۆی بە ناوی فەرهاد ئیسماعیلی لە جێگەی داناوە.

ئەسعەد فەریدی کە پێشتر ئەندامی سەرەکیی ئەنجومەنی شاری سنە بوو، بە هۆی گەندەڵی لەڕادەبەدەر و سکاڵای زۆری خەڵک ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە.

ناوبراو کە پێشتر لە دەنگوڕەنگی سنە وەک پێشکەشکار کاری دەکرد، لە پرەنسیپەکانی کاری ڕاگەیاندن لای دا و بێڕێزی بە بینەران کرد، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە مۆرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمە، هەلی کاری گرنگی بۆ ڕەخسا و بە هاوکاریی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم، بووە ئەندامی شۆرای شاری سنە.

هەروەها فەرهاد ئیسماعیلی ئەندامی جێگرەوەی شۆرای شاری سنە کە جێگای ئەسعەد فەریدی گرتووەتەوە، جگە لەوەی کەسێکی سەر بە دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بووە، هاوکات لەلایەن "بونیادی شەهید"ی ڕێژیمیشەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.

کۆماری ئیسلامی لە کوردستان کە جگە لە دوژمنایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد هیچ ئامانجێکی دیکەی لەو کارە نییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پێشێلکاریی دارایی و گەندەڵییە ئیدارییەکان، بە جێگای چارەسەرکردنی یاسایی و دروست، ڕێکاری ئەمنییەتی و دانانی مۆرەکانی خۆی ڕەچاو دەکات.