کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی " سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان": بەرخۆدان لە دژی لەسێدارەدان بەردەوامە

12:21 - 11 خەرمانان 2725

لە حەفتەی ٨٤ی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، کۆمەڵێک بەندکراوی بەندیخانەی لەنگروودی قومەیش پەیوەست بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانەوە بوون، بەمەش ژمارەی بەندیخانە بەشداربووەکان لەم کەمپەینە گەیشتە ٥١ بەندیخانە.

ئەم کەمپەینە کە ھەموو سێشەممەیەک بە مانگرتن لە خواردن لە بەندیخانە جۆربەجۆرەکانی سەرتاسەری ئێران درێژەی هەیە، وڵامێکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە شەپۆلی بەربڵاوی لەسێدارەدانەکان لە ئێرانە.

لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی مێهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی و بێبەشکردنی بنەماڵەکانیان لە ئاگاداربوون لە شوێنی ناشتنی ئازیزانیان کراوە و ئەم کارەی بە " ئەشکەنجەدانی دوو بەرابەر و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" ناو بردووە.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە ئاماری ٣٩ لەسێدارەدان لە حەفتەی ڕابردوودا کراوە کە ٢ کەسیان ژن بوون و بە گشتی ٧٠٤ حاڵەتی لەسێدارەدان لەمساڵدا ڕوویان داوە.

کەمپەینەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە قوربانییانی ئەو سەرکوتانە لە دڵی خەڵکدا جێگایەکی هەتاهەتایییان هەیە و خوێنیان دەبێتە چرای هیوا بۆ داهاتوویەکی بێ لەسێدارەدان و توندوتیژی.

کەمپەینی ''سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان''، ڕاگەیاندووە کە هەتا بە تەواوی سزای لەسێدارەدان لە ئێران هەڵنەوەشێتەوە و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری مسۆگەر نەبێت، کە دەنگی بنەماڵە داخدارە، زیندانییان و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان بێت، پێداگرە.