کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وای نێت: خەڵکی ئێران دەزانن کە شەڕێکی دیکە لە ڕێدایە

15:26 - 22 خەرمانان 2725

هەواڵدەریی ئیسرائیلیی "وای نێت"، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاندووە کە لە پاش دەسپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژە، بۆ یەکەم جار خەڵکی تاران بە ڕوونی هەستیان بە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی کرد.
وای نێت لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە کاتێک فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بە ئاشکرا دەهاتنە سەر ئاسمانی ئێران و هەموو دامەزراوە گرینگەکانی ڕێژیمیان بوردومان دەکرد، هاووڵاتییان بە ڕوونی هەستیان بە لاوازبوونی حکوومەت دەکرد.
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات، کۆماری ئیسلامی بە ئەرکدارکردنی ٥٠ هەزار هێزی ئەمنیی خۆی، شەقامەکانی پڕ کرد لەو هێزە سەرکوتکەرانەی کە پێشتر بە دوای سەرپۆشی ژنانەوە بوون، بەڵام لەو کاتەدا بە شوێن سیخوڕەکانی ئیسرائیدا دەگەڕان.
وای نێت نووسیویەتی: "لە دەسپێکی شەڕەوە سەدان کەس بەتۆمەتی سیخوڕی بەند کراون و دەیان کەسیش لە سێدارە دراون، بەڵام ئەوە بوردومانەکان نەبووە کە خەڵکی ترساندووە، بەپێچەوانە هێرشەکانی ئیسرائیل هیوای خستووەتە دڵی خەڵکەوە، بەڵام توندوتیژییەکانی سەر شەقامی حکوومەت بوو کە خەڵکی تۆقاند".
ئەم هەواڵدەرییە ئیسرائیلییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر خەسارە گیانییەکانی خەڵکی ئاسایی لە کاتی شەڕەکەدا ڕووی نەدابایە، لەوانە بوو کە هاودڵییەکی زیاتر لە نێوان خەڵکی ئێران و ئیسرائیلدا هاتبایە گوڕێ.
ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا دەپەرژێتە سەر بابەتی جێگرەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و جەخت دەکاتەوە کە حکوومەت لە ئیستادا لە هەوڵی ئەوەدایە کە موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی، وەک جێگرەوەی باوکی دیاری بکات.
وای نێت لە کۆتاییدا دەڵێت: "لە ئێستادا تارانی پاش شەڕ بووەتە شارێکی پڕ لە تەمی مردن و خەم، شەقامەکانی چۆڵ، خواردنگە و کافەکان نیوەچۆل و بازاڕەکانی بێ جمە. بێکاری و هەژاری بەربڵاوتر بووەتەوە و زۆربەی بنەماڵەکان لەژێر سێبەری ترسدا ژیان بەسەر دەبەن".
ڕاپۆرتەکە جەختیش دەکاتەوە کە هیواکان لە کەمترین ئاستی خۆیاندان، بەڵام ناڕەزایەتییەکان کۆ بوونەتەوە و دەتوانێت لە یەک کاتدا ببێتە تەقینەوەیەکی گەورە و هەموو خەڵک دەزانن کە شەڕێکی دیکە لە ڕێدایە و تەنیا کاتەکەی نادیارە.