کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی کورد بۆ جاری دووهەم سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

17:28 - 22 خەرمانان 2725

ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ جاری دووهەم و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ بەڕێوە چووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەم بڕیارە لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە لە قۆناغی کۆتایی داواکاریدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.

لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناسر بەکرزادە لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە دادگای ڕێژیم لە ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.