
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤، کاک ئەبوبەکر محەممەدیانی ناسراو بە بەکرەی مەولوودە سوور خەڵکی گوندی قەلەڕەشێ بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو پەروەردەی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزبیی ناوچەی سەردەشت بوو کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرش و پەلاماری پاسداران بۆ سەر شار و ناوچەکانی کوردستان و شەڕفرۆشی بە خەڵکی کوردستان وەک زۆربەی خەڵکی ناوچەکە لە بەرگی هێزی بەرگریدا بەرگریی لە مان و مەوجوودیەتی گەلەکەی کرد و لە ساڵی ١٣٦١دا بەفەرمی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی کردە شان و ماوەی نزیک بە چوار ساڵ ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە دەستەی شەهیدانی ٨ی گەلاوێژ لە لکی ٣ی هێزی شەهید موعینی ڕادەپەراند و پێشمەرگەیەکی بە نەزم بوو.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاویدا لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە ناوخۆی وڵات و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.