کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاساوهینانەوەی میدیاکانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی وزە

12:58 - 11 خەرمانان 2725

ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی خامنەییدایە لە نوێترین بابەتی خۆیدا هەوڵی داوە قەیرانی ئاو، کارەبا و گاز لە ئێران کە قەیرانێکی پێکهاتەییە و لە گەندەڵی و ناکارامەیی ڕێژیمەوە سەرچاوە دەگرێ لەگەڵ کێشە جیهانییەکان بەراورد بکات و بەرپرسایەتیی ناکارامەیی ڕێژیم لەمبارەوە پشتگوێ بخات.

ڕۆژنامەی کەیهان نووسیویەتی: کێشەی ئاو، کارەبا و گاز لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە و ڕەنگە تەنیا لە ئێراندا وا بێت کە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار زیاتر لە خەڵک گلەیی لە کێشەکان بکەن.

میدیای ڕێژیم لەبری ئەوەی دەنگی ملیۆنان کەس لە خەڵک بێت کە گیرۆدەی پچڕانی بەردەوامی کارەبا و کەمیی ئاو و گازن، کێشەکان ئاسایی دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەشارێتەوە.

سەرەڕای سنوورداربوونی سەرچاوەکان، زۆرێک لە وڵاتان توانیویانە لە ڕێگەی پلاندانانی ورد و هەمەچەشنکردنی وزە و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا کێشەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سیاسەتی ناکارامە و بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان و گەندەڵیی سیستماتیکەوە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی تێک داوە.

شایەنی باسە کێشەی ئاو، کارەبا و گاز لە ئێراندا کێشەیەکی جیهانی نییە، بەڵکو بەرهەمی سیاسەتە شکستخواردووەکانی کۆماری ئیسلامی و لاوازی لە بەڕێوەبردنە. هەوڵەکانی میدیای ئێران بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان نیشان دەدات کە ڕێژیم لەبری دۆزینەوەی ڕێگەچارە، لە هەوڵدان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کێشەکان و تاوانبارکردنی خەڵکی دیکە بەردەوامە.