
لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا لانیکەم ٦٢ ژن بوونەتە قوربانیی ژنکوژی لە ئێران. ئامارێکی وروژێنەر کە دەریدەخات هەر سێ ڕۆژ جارێک ژنێک بە دەستی پیاوانی بنەماڵە و کەسوکارەکەی دەکوژرێت.
تەنیا لە هاوینی ئەمساڵدا ڕۆژنامەی ''ئێعتماد'' لانیکەم ٣١ حاڵەتی کوشتنی ژنانی لەلایەن هاوسەر، باوک و برا یان کەسە نزیکەکانی دیکەوە تۆمار کردووە.
دوایین حاڵەتی ژنکوژی ١٩ی خەرمانان لە مەشهەد ڕووی دا کە پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی کوشت.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری شادێگان سەر بە پارێزگای ئەهواز، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە بیانووی "نامووس" لەلایەن برای باوکیەوە کوژرا.
لە مانگی گەلاوێژدا ٩ ژنی دیکە لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە کوژراون.
جێی ئاماژەیە کە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵیش ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لە شاری سەقز، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەر دەدرێت و دەبێتە قوربانیی دیاردەی ژنکوژی.
ئەم ئامارە مەترسیدارە دەریدەخات کە ژنکوژی لە ئێراندا ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی پێکهاتەییە کە لە سێبەری یاساکانی ڕێژیم و سیستمی یاسایی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامیدا، بەرهەم دەهێندرێتەوە.
چالاکانی مافی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە تا ئەو کاتەی یاسا هەڵاواردنەکان هەڵنەوەشێندرێنەوە و سیستمی دادپەروەریی پیاوسالاری نەگۆڕدرێت، ڕەوتی ژنکوژی لە ئێران هەر بەم شێوەیە درێژەی دەبێت.