کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی لۆمۆند: ئیسرائیل هێرشی داهاتووی خۆی بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام ئەدات

12:15 - 23 خەرمانان 2725

ڕۆژنامەی لۆمۆند لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئامانجی هێرشی داهاتووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نووسیویەتی: "ئیسرائیل بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەرنامە ناوکییەکانی وەگەڕ بخاتەوە، هێرشی ئەمجارە تەنیا هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکان نابێت، بەڵکوو بەگشتی ڕێژیمی تاران دەکرێتە ئامانج و مەبەست ڕووخانی ڕێژیم دەبێت".

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرانسە، هەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی ئیسرائیل دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران ئێستاش ٤٥٠ کیلۆ ئورانیۆم و زانستی تەکنیکیی پێویستی بۆ دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان لە بەردەستدایە.

لۆمۆند لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە ڕەوتی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم لە فۆردۆ و نەتەنز لەلایەن ئەمریکاوە کردووە و لەو بارەوە نووسیویەتی: "کارناسانی ئیسرائیلی لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەرەڕای لەنێوچوونی ئەو دامەزراوانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئورانیۆمی پێویست هەتا ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەڵسەنگاندن و زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە ئیسرائیل تا چ ڕادەیەک دەسپێڕاگەیشتنی بە زانیارییە زۆر نهێنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەستیارترین شوێنەکاندا هەیە.

هەروەها ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەسەر دووبارە دەسپێکردنەوەی هەوڵە ناوکییەکانی خۆی سوور بێت، تێلاڤیڤ فڕۆکە شەڕکەر و هێزە کۆماندۆکانی خۆی لە دژی دەسەڵاتی تاران دەجووڵێنێت.

لە دوای شەڕی ١٢ رۆژە چەند جار بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی دووبارە و لەنێوبردنی یەکتریان کردووە و هەواڵدەرییە جیهانییەکانیش باسیان لە خۆئامادەکردنی هێزی سەربازیی هەر دوو لایەن بۆ دەسپێکی شەڕێکی دیکە کردووە.