کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە دژکردەوی خەڵکی کوردستان لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

15:43 - 23 خەرمانان 2725

 لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ناوەندە ئەمنی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە شاری سەقز لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانی خۆیانەوە هەڕەشەیان لە دووکانداران و بازاڕیان کردووە کە لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی "ژینا"ـدا هیچ جموجۆڵ و مانگرتنێکیان نەبێت.

بەپێی هەواڵێک کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، فەرمانداری، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و ئەسناف لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و بەتایبەتی شاری سەقز، لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی، هەڕەشەیان لە بازاڕیان و دووکانداران کردووە کە نابێت لەو ڕۆژەدا هیچ هەوڵێک بۆ مانگرتن بدەن.

ئەم سەرچاوە بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لەم ڕۆژانەدا ترسێکی زۆری لێ نیشتووە و بەو هۆیەوە شاری سەقزی بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە و هێزەکانی خۆی لەم شارەدا بڵاوە پێ کردووە.

هەروەها ماوەی چەند ڕۆژێکە لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز ئاوی بەندوای "چراغ وەیس"ـیان بەر داوەتەوە تاکوو ڕێگە بە خەڵک نەدەن سەردانی گڵکۆی شەهید ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی "ئایچی"ـی ئەو شارە بکەن.

لە سێهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینادا ڕێژیمی ئیسلامی ترسێکی زۆری لێ نیشتووە کە سەرهەڵدانێکی دیکە هاوشێوەی بزووتنەوەی ساڵی ١٤٠١  ڕوو بداتەوە.

ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی شاری سەقز بە بیانوی جلوبەرگەکانییەوە لەلایەن هێزەكانی "گەشتی ئیرشاد" لە تاران دەسبەسەر کرا و پاشان بەهۆی لێدانەوە تووشی جەڵتەی مێشک بوو.
ژینا پاش چەند ڕۆژ چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانەی "كەسرا"ـی تاران، رۆژی هەینی  ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، گیانی خۆی لە دەست دا.