
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە سایبێرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران وێنەیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە کە شارەکانی کوردستان و بە تایبەتی شاری "سەلاس باوەجانی" وەک شوێنێک نیشان ئەدات کە بووەتە گۆرەپانی گرووپ و ڕەوتە دژ بە یەکەکان.
کۆماری ئیسلامی لەهەوڵدایە تا لەم ڕێگەیەوە ڕوخساری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان بە پێکهێنانی ئاڵۆزی و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی، لە پڕۆژەیەکی ئەمنییەتیدا تێک بدات.
لەم وێنەیەدا، سەلاس باوەجانی وەک شوێنێک بۆ گۆڕەپانی گرووپ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی وەک داعش و سپای پاسداران و هەروەها بەربەرەکانێی حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و ڕەوتە ئیسلامییە ئایدۆلۆژیکییەکان نیشان دراوە.
کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی پڕۆپاگەندە و بە ئەمنییەتیکردنی بابەتەکان، بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی کوردستان بێمتمانە بکات.
تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو کات ڕوون، سیاسی و بە ئاشکرا بە دژی زوڵمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە، زیاتر لە هەموو شتێک نیگەرانی و ترسی ڕێژیم لە یەکگرتوویی، هۆشیاری و مافخوازیی خەڵکی کوردستان دەردەخات.