کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی خەرمانان، پەیامێکی مانادار و هەڵقوڵاو لە هەناوی کوردستان

17:43 - 23 خەرمانان 2725

عەلی لەیلاخ

کاتێک لەلایەک ڕۆژانە شەقامەکانی کوردستان خوێناوی و لەلایەکی دیکەش بنەماڵەی گەورەی دێموکرات بە "شەو" تەرمی سوورخەڵاتانی مووشەکبارانی دەناشت، بوێری و ڕەفتاری ژیرانە و خەباتکارانی خەڵکی کورد و لایەنە سیاسییەکانی بوو، کە بوو بەهۆی ئەوەی کە دروشمی "کوردستان کۆڵ نادا" ببێتە هەشتەک و ترێندنی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم ڕەستە کورتە، سەربوردەی خەباتی ڕەوای گەلی کوردە. ئەگەر چیرۆکی کۆڵنەدانی ئەفسانەیی خەڵکی کورد بەرانبەر بە داگیرکاری و ستەمکاریی دەسەڵاتی خۆسەپێنەر و پاوانخوازی ئایینی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆکە ناوێکی ئاشنا و ئادرەسێکی دەقیقە بۆ چەوساوەکانی دژبەری ڕێژیمی تاران، ڕیشەی ئەم دارە کوڵنەدەرە لە خاكی خۆڕاگری و ئاوی ئیرادەیەکی لەبن‌نەهاتوودایە. هەر ئەوکات کە دەسەڵاتی تازە بەتەخت‌نیشتووی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی "هیئت حسن نیت" ویستیان کوردستان بە ویستی خۆیان بچەمێننەوە، بەڵام ئەزموونی سیاسیی کورد بەهۆی هەبوونی ڕێکخراوی سیاسی و جەماوەری بۆ نموونە: حیزبی دێموکرات، بوون بە لەمپەرێکی بەهێز لەسەر ڕێی پیلانی بەتاڵکردنی کوردستان لە مافخوازی و سەرنواندنی گەلی کورد بەرانبەر بە فەرمان و فیتواکانی قوم و جەماران. هەر بۆیە لە گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا، خومەینی چیتر خۆی پێ‌ڕانەگیراو فەرمانی گرتن و کوشتنی دوکتور قاسملووی دەرکرد، و دوابەدوای ئەوەش ‌هێرشی سەرانسەریی بۆ سەر کوردستان دەستی پێ کرد. هەر لەو گەلاوێژەوە تا ئێستاکە، کوردستان و کورد بۆ لەسەر پێ‌مانەوە؟ چونکە پەیمانی کۆڵنەدانی بەستووە و لە چڵەپۆپەی ڕاپەڕینی ژیناش بە ئێران و جیهانیشی سەلماند کە هەم خۆی کۆڵنەدەرە، و هەم کۆڵهەڵگری مافی گەلانی دیکەشە، کە ساڵانێکە لە جەغزی ڕق و بۆغزی حکوومەتی ناوەندیی‌ ئێران بەژێر چەپۆکەیی و هۆمۆساکەری‌ دەژین. هەر بەوچەشنە کە دەسەڵاتی تاران خاوەنی ڕقێکی بەردرێژە لەهەمبەر کورد و، کوردستانی پێ ژانەسەرە! خەڵکی کورد و بزاڤی مافخوازانەی ئەم گەلەش، سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان، هێشتا نەچەماوەتەوە و هەتا دێ بەرهەقبوونی خەباتەکەشی باشتر دەناسێندرێ. هێرش بۆ سەر کوردستان تەنیا بە هێزی ڕەشی پۆتین نەبوو، بەڵکوو شەڕی نەرم و ڕوانیی ئایدۆلۆژیک بە دژی گەلی کورد و ناوزڕاندنی فیداکارانی ئەو گەلەشی لەگەڵ بوو، کە تا ئەمڕۆ ئەو شەڕە بە هەر دوو شێواز بە دژی گەلی کورد، وەکوو خۆی بەردەوامە. هەر لە درێژەی ئەم شەڕە نابەرابەر و زاڵمانەدا، حەوت‌ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دووکردەوەی ستەمکارانە و تیرۆریستیانەدا، کارەساتێکی بەناوی ١٧ی خەرمانان خۆڵقاند، کە لەو ڕۆژەیە، لە بانگی بەیانیی (بە افقی) جینانەتکاریی تاران، سێ چالاکی سیاسی لە سێدارەدران و لای کاتژمێر ١١ی هەمان ڕۆژ سپای تیرۆریستیی پاسداران بە ئاگاداری شۆڕای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر قەڵا و بنکەکانی حیزبی دێموکرات و کۆبوونەوەی بەشێک لە ڕێبەریی ئەو حیزبەی کردە ئامانج، کە بەداخەوە لەو کردەوە تیرۆریستییە‌دا ١٦ کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبەی لەگەڵ دەیان کەسی دیکە لە خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار کران. لەوانەیە کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست ئەو دوو ڕووداوەی لەیەک ڕۆژدا ڕێک‌خست‌ بێ، کە ببێتە هۆی تۆقاندنی خەڵک و "شۆک" و حەپەسانی کۆمەڵایەتی. ڕاستە ئەو کارەساتە دڵهەژێنە زامێکی گەورە بوو لە جەستەی نیشتمان و کۆی ئازادیخوازنی کورد. بەڵام پەڵەی ڕەشی "ئیعدام و تیرۆر" لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان زیاتر بەناوچاوانی تارانەوە دەرکەوت. چونکە هەر چوار ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە، واتە لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، لە ڕەفتارێکی ژیرانە و گشتگیر و کوردانە‌دا، لە ڕۆژژمێری کۆڵنەدانی کوردستان حیماسەی بەشکۆی ٢١ی خەرمانان تۆمار کراو، و ناکرێ باس لە نافەرمانی مەدەنی و تووڕەیی کۆمەڵایەتیی کوردستان بکەین و باس لەو ڕۆژە مێژووییە نەکەین. ئەگەرچی خەڵکی کورد بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆڕاگرتن و خۆسەلماندن هەموو شێوازە خەباتێکی گرتووتەبەر. هەر لە کۆچی مێژوویی شارەکانی مەریوان و سنە بەرانبەر هێرشی ئەڕتەش بۆ سەر کوردستان تا ڕەشپۆشین لە ڕۆژی تیرۆرکرانی ڕێبەرانی ناوداری کورد، وەکوو عەبدولڕەحمانی قاسملوو و سادقی شەرەفکەندی تا دەیان نموونەی دیکە، کە هەر کام لەوانە بۆ ڕاڤەکردن دەبن، بەڵام بەرچاوترین و گشتگیرترین مانگرتنی ئیعترازی دەگەڕێتەوە بۆ ٢١ی خەرمانان کە لەوێ‌ڕا نموونەکانی هاوشێوەی لە ڕاپەڕینی ژینادا دەبینن. تایبەتمەندییەکانی مانگرتنی سەرانسەریی ٢١ی خەرمانان، دەتوانین بەم جۆرە بەکورتی باس بکەین: یەکەم سەرنەگرتنی پیلانی پاش خولقاندنی کارەسات، کە کۆماری ئیسلامی پێ وابوو خەڵک دەستەوەستان دەکات و ئۆپۆزیسیۆنی کورد بۆ ماوەیەکەی نادیار سەرلێشێواو دەبن. بەڵام بینیمان یەکەم‌جاربوو کە هاوئاهەنگییەکی خێرا و بە دوور لە بڕوبیانوو گرتنی ئەحزاب لە شێوەی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکدی، ڕوویدا و لایەنە سیاسییەکان لەو مانگرتنە‌دا هاوکار و بەشداربوون. دووهەم شکستهێنانی پڕۆژی ئینکار و ناوزڕاندنی ئەحزاب لە چوارچێوەی شەڕی نەرم و سەختی ناوەندە ئەمنییەکان. کاتێک لە سەرەوی کوردستان تا خوارووی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە زۆربەی هەرە زۆری دووکان و بازاڕەکان داخران و خەڵکی کورد بەو ڕەفتارە سیاسی و جەماوەرییە پەیامێکی ڕوونیان بۆ نەیارانی کورد لە تاران نارد. بێگۆمان ٢١ی خەرمانان وڵامدانەوەیەکی بەربڵاو و بەرچاو و واتادار بوو بە حاکمییەتێک کە پێ ‌وابوو توانیویەتی بە سیاسەتی ئینکار و ئیعدام و ڕاودوونان، هەتا تاقێکردنەوەی بەرنامە مووشەکیی خۆی، بە تەواوی سنووری نێوان خەڵکی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کورد کاڵتر بکاتەوە. بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویداو، لە ٢١ی خەرمانان کۆمەڵگەی وشیاری ئێمە، بەو مانگرتنە مێژووییە، لایەن و کۆڵانی خۆی لەگەڵ تاران جیاکردەوە. هەر ئەم جیاکردنەوەی سیاسییەیە کە فەلسەفەی موبارەزاتی ئێمەی لەسەر بنیات نراوە. خاڵێکی جەوهەری لە ماگرتنی ٢١ی خەرمانان کە نابێ فەرامۆش بکرێ، بەڵکوو دەبێ لە ڕووداوەکانی دیکە‌دا هەوڵ بۆ دووپاتکردنەوەی بدرێ، ئەوەیە کە ئەو ڕووداوە گرنگە بەرهەمی هاوکاریی ئەحزاب و کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان و ئاکتڤیستانی دەروەستی کورد بوو، کە بە هاوبەشی و بە دوور لە ناکۆکی سیاسی لە دەور بازنەی "کارەسات " و " تووڕەیی کۆمەڵایەتی"‌دا بۆ کاری هاوبەش کۆبوونەوە و هەتا مەزناڕۆژی ٢١ی خەرمانانی لێکەوتەوە. پێناسەی مانگرتنی گشتی کە بنەڕەتی بۆ تیۆریسییەن و بیردۆزانی چەپ و بزاڤە کرێکارییەکانی جیهان دەگەڕێتەوە، کە دەگوترێ یەکەم کەس "وێلیام بێنبۆ" لە بزاڤی چارتیسمی بریتانیا لە دەیەی ١٨٣٠ی زایینی باسی لێ‌وەکردوە. بەڵام لە کوردستانی ئێمە بانتر ڕەوتێکی چینایەتی (تایبەت بە چینێکی دیاریکراو) بۆ بە ڕەفتارێکی گشتیی و نموونەی ئەم گشتاندنەش لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە ٢١ی خەرمانان وەکوو نموونەیەکی بەرچاو بینیمان.
ئەساسەن مەبەست لە یادکرنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان تەنیا سۆز و عەتف نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو سەرنجدانێکی سەرلەنوێی ئەو "پرسە"یە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ بەشاندنی لە قۆناغەکانی دیکەی ژیان. کە پرسیار بکەین چۆناوچۆن بوو لەو ڕۆژەدا گشت کوردستان بەو مانگرتنە مانادارە پشتی لە تاران و باوەشی بۆ زام و ئازاری ڕۆڵە فیداکارەکانی خۆی ئاوەڵاتر کرد؟ خەڵکی کورد سەلماندوویانە گەر شاهیدی یەکڕیزی لایەنەکان بن، ئەوانیش تۆختر سنووری خۆیان و حاکمییەتی ناڕەوا جیا دەکەنەوە. ڕیشاڵی "نا"وتنی مێژوویی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانەوە گەیشتە مانگرتنەکانی ڕاپەڕینی ژینا و خەڵکی ئێرانیش بە دۆست و دوژمنەوە بۆیان سەلمێندرا کە کوردستان خاوەنی سیاسیی خۆی هەیە. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە لایەنە غەیرە کوردەکان، سەرەڕای ئیمکاناتی زیاتر، تا ئێستا نەیانتوانیوە لە هیچ کام لە شارە گەورەکانی ئێران بۆ هیچ بابەت و پرسێک بە دژی ڕێژیم مانگرتنێکی هاوشێوەی کوردستان بەڕێوە ببەن. ئەم بە هاناهاتن و لەسەر هەست‌بوونی خەڵکی کوردە، لە مانگرتنی ٢١ی خەرمانان هەتا مانگرتنەکانی ڕاپەڕینی ژینا، ئەزموونێکی زێڕینە کە دەخوازێ لایەنە سیاسییەکان بەجیددی‌تر قەدری بزانن و زیاتر ڕێز لە یەکڕێزیی شەقامی کوردی بگرن.