کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران گیان لەدەست دەدەن

16:18 - 11 خەرمانان 2725

محەممەدڕەزا زەفەرقەندی وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە سیهەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژی میللیی تەندروستیی ڕێژیمدا باسی لەوە کردووە لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە ئێراندا بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

قسەکانی ئەو وەزیرەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە ئامارەکانی ڕێژیم هیچکات ڕاست نەبووە و ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە و لەو پێوەندییەدا شار و پارێزگاکانی کوردستان لەو بوارەوە پشکی شێریان بەرکەوتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ، عیسا هەواسی بە ئامادەبوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە، بە ئاماژەدان بە ڕێژەی بەرچاوی ڕووداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە باسی لەوە کردبوو کە توێژینەوەکان لەسەر ڕێگاکانی ئەم پارێزگایە، ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ڕێگاکانی ئەم پارێزگایە پێویستیان بە چاکسازییە.

ئەم دۆخە کارەساتبارە لەکاتێکدایە کە ژێرخانی ڕێگاوبانەکان لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە دوورە لە ستانداردە جیهانییەکان بەڵام زۆر جیاوازتر لە کوردستانە و ساڵانە بوودجەی پێویستیان بۆ تەرخان دەکرێت، لەکاتێکدا تاکوو ئێستاش بەشێکی زۆر لە ڕێگاکانی کوردستان بەتایبەتی ڕێگای هاتوچۆ بۆ گوندەکان، قیرەتاو نەکراون.

ئەم ڕووداوانە ساڵانە لە ئێراندا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و بە وتەی عەباس مەسجدی، سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها بە وتەی بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کرماشان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣١١ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی ٦ هەزار کەسیش بریندار بوون.

شایانی باسە کە نەبوونی کوالێتیی ڕێگاوبان و شاخاویبوونی ڕێگاکانی گواستنەوەی کوردستان و نزمیی کوالێتیی ماشینەکان هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ لەم پارێزگایانەیە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ساڵانەی هەزاران کەس.