لە درێژەی دەسبەسەرکردنە سەرەرۆیانەکانی ڕێژیم لە کوردستان، دوو مێرمنداڵ لە کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بەم شێوەیەش ژمارەی مێرمنداڵانی دەسبەسەرکراو لەم شارە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە شەش کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "کۆردپا"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی "پەیام حوسێنی"، هاووڵاتییەکی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی کامێران و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادگا دەسبەسەریان کرد.
هەروەها، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانان، "سۆران موزەفەری"، مێرمنداڵێکی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی کامێران کە تووشی "نەخۆشی شەکرە" بووە، لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستیی نییە.
ئەم دەسبەسەرکردنانە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢١ ی خەرمانان، سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی گازرخانی بە ناوەکانی کاوان سەبووری، ئێحسان سەبووری (هەردووکیان تەمەنی ١٧ ساڵ) و حیسام سەبووری تەمەن ٢٨ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کران.
حیسام سەبووری دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە ئازاد کرا، بەڵام ئەو دوو کەسەکەی دیکە تا ئێستا دەسبەسەرن.
پێشتریش "بێهروز ڕەشیدی" خەڵکی گوندی پاڵنگان و "ئەوراز زەمانی" خەڵکی کامێران، دوو مێرمنداڵی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵ، ڕۆژی ١٧ی خەرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزران.
تا ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو شەش لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هەموویان لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و سەردانی بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.