
شۆرای هەواهەنگیی یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە توندی دەسبەسەرکردنی توندوتیژانە و نایاسایی مێرمنداڵان لە کامێرانی مەحکووم کردووە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجیان دەکات.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری کامێران شەش مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ بەندیخانە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە سنە گوازراونەتەوە.
دوابەدوای بەدواداچوون بۆ ئەو قوتابییانەی کە لە کامێران بەند کراون، ڕاگەیەندراوە کە کاوان سەبووری، ئەوراز زەمانی، بێهرووز ڕەشیدی، سۆران موزەفەری، پەیام حوسێنی بۆ بەندیخانەی ئەمنییەتی "شارامفەر" لە شاری سنە گوازراونەتەوە و ئێحسان سەبووریش بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە گوازراوتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هیچ زانیارییەکی ڕوونیان بە بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵانە نەداوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، سۆران موزەفەری تووشی نەخۆشی شەکرە بووە و پێویستی بە دەرزیی ئەنسۆلینی بەردەوام هەیە.
هەروەها بەندکردنی یەکێک لەو مێرمنداڵانە لە نیوەی شەودا لە کاتێکدا بووە کە هەموو ئەندامانی خێزانەکە خەوتوون و توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان منداڵی بچووکی بنەماڵەکەی ترساندووە، تا ئەو ڕادەیەی کە لەو کاتەوە تا ئێستا ناوبراو بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێیەکی توندی هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ فەرمانی یاسایی چوونەتە ناو ماڵی ئەو مێرمنداڵانە و بە شێوەیەکی توندوتیژیانە دەسبەسەریان کردووون.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم شەش مێرمنداڵە، نەخراوەتە ڕوو.
شێوازی توندوتیژی لەگەڵ منداڵان، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما ئینسانییەکان و یاسا ناوخۆییەکان و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مافەکانی مێرمنداڵانە.