کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‏مستەفا هیجری: لە شۆڕشی ژینادا ئەوەی باڵادەستی دەنوێنێ ئیرادەی نەتەوە مافویستەکان بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمەیە

12:26 - 24 خەرمانان 2725

بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆرشی ژینا، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

 

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی "ژینا"، بە دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی" لە هەلومەرجێکی تایبەتدایە. سێ ساڵ دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەسەڵاتی ناوەندەوە، دۆخی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و ئێران و هەروەها دۆخی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ گۆڕانکاریی قووڵ و هەلومەرجی نوێ بەرەوڕوویە.

قۆناغی دوای شۆڕشی ژینا، نە تەنیا بۆ کوردستان بەڵکوو بۆ ئێران و بگرە ناوچەکە، نوختەگۆڕانێکی گەورەیە. لەلایەک، پرسی ژیان و مافەکانی ژنان و بەهاکانی ئازادی و کەرامەتی تاک و کۆی نەتەوە ستەملێکراوەکان و هەموو کۆمەڵگەی ئێران لە ڕۆژەڤ و لە ململانێی بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتدایە؛ لەلایەکی دیکەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دۆخی بنبەستی سیاسی و بەڕێوەبەری و هەڵگری کۆمەڵێک قەیرانی چارەسەرنەکراودایە و ئەگەر هێزی سەرکوت و شەڕەنگێزیی لێ بەدەر بێت، توانای بەڕێوەبەری و مانەوەی نەماوە. بەستێنێکی گەورەتری ئەم هاوکێشەیە، هاوکاتبوونی بەریەککەوتنی ڕێژیم و دژبەرانی لە دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدایە، لەلایەک خەڵکی ئێران و لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرکوتی بەربڵاوی شۆڕشی ژینا، نە تەنیا نەیتوانی هێزی نەتەوە مافویستەکان پەراوێز بخات، بەڵکوو ململانێی نێوان ئیرادەی ئازادی و هێزی سەرکوتی بەرینتر کردووەتەوە و ئەوەی باڵادەستی دەنوێنێ ئیرادەی نەتەوە مافویستەکان و ئازادیخوازنە بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمە و بنیاتنانی ئێرانێکی ئازاد بەڵام بەدوور لە چەوساندنەوە و عەقڵییەتی پاوانخوازانە و حاشالێکەرانە.

لە سێهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا، سڵاو دەنێرم بۆ ژنان و لاوانی پێشەنگ و کۆمەڵگەی ڕچەشکێنی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازان و نەتەوە مافخوازەکانی ئێران.

سڵاوی ڕێز و وەفا دەنێرم بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا و بنەماڵە سەربەرزەکانیان و برینداران و قوربانییانی ئەم بزووتنەوەیە.

 

مستەفا هیجری

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤

١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٥