کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمخوێنی هەڕەشە لە تەندروستیی کچانی قوتابی لە ئێران دەکات

15:37 - 24 خەرمانان 2725

بەڕێوەبەری چارەسەرکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، لەبارەی کەمخوێنی و نەبوونی ئاسن لەنێو کچانی قوتابی لە ئێراندا هۆشداریی دا و ئاماژەی بەوە داوە کە "بوونی ئەو کەماسییە تەندروستییە لەنێو کچانی قوتابیدا جێگای نیگەرانییە و بەرنامەی چارەسەرکردنی کەمیی ئاسن لە سەرانسەری ئێراندا جێبەجێ دەکرێت".

ئەحمەد ئیسماعیلزادە، بەڕێوەبەری چارەسەرکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی زانکۆ زانستە پزیشکییەکانی ئێران، ڕێژەی کەمخوێنی لە پۆلی یەکەم و دووهەمی قناغی ناوەندیی کچان نزیک بە ١٨ لەسەدە.

ئەو ڕێژەیە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی نێونجیی ئاسن لەنێو ژنان و کچاندا ٦٠ هەتا ١٦٠ میکرۆگرەمە.

ئیسماعیلزادە وێڕای خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی لەهەمبەر تەندروستیی قوتابییانی کچ لە ئێران، ئەو کەمایەسییە تەندروستییەی بۆ باوەڕی کۆن و هەڵەی چارەسەرکردنی نەریتی و بەڕێوەبەرانی ئەو جۆرە چارەسەرییە گەڕاندووەتەوە و خۆی لەو ئەرک و بەرپرسایەتییە گەورە شاردووەتەوە.

کەمخوێنی لە لەشی مرۆڤدا دەبێتە هۆی ماندووبوونی لەڕادەبەدەر، لاوازیی جەستەیی، سەرسووڕان، لێدانی توندتری دڵ، سەرئێشە، ساردی دەست و پێ، لاوازکردنی بەرگریی لەش و دەیان کێشە و نەخۆشیی دیکە کە چارەسەرنەکردنی لەنێو کچاندا دەتوانێت لێکەوتەی زۆر زیاتری بەدواوە بێت.

پێشتر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا سەرەڕای ئەو کێشە تەندروستییە گشتییە، گازی ژەهراوی، ئاوی ژەهراوی، تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر، بێبەشبوون لە خوێندن، پواوی قوتابخانەکان، نەریتی کۆن و باوی نێو کۆمەڵگە، وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابییان، ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی سەر ڕێگای خوێندنی قوتابییانی کچ لە ئێرانە.