کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠ لەسەدی دەفەرایەتیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان بەهۆی سیستمی پشکبەندی قۆرخ کراوە

16:15 - 24 خەرمانان 2725

جێگری وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی دانی بەوەدا نا کە نزیک بە ٦٠ لەسەدی توانای زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لە ئێران بە شێوازی جۆراجۆری پشکەکان پڕ دەکرێتەوە و تەنیا ٤٠ لەسەدی دیکە بۆ خۆبەخشە ئازادەکان دەمێنیتەوە.

ئەم ئامارە وێنەیەکی ڕوون لە نادادپەروەریی پێکهاتەیی لە سیستمی پەروەردەدا نیشان دەدات؛ لەو شوێنانەی کە شایستە سالاری بە کردەوە بووەتە قوربانیی ڕانت و پشکبەندیی سەپێنراو.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو، ڕێژیم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە مەجلیسی ڕێژیم و شواری باڵای ئینقلابی فەرهەنگی، هێشتا پێداگری لەسەر درێژەدان بەو پرۆسەیە دەکەن. تەنانەت لە ڕێوشوێنی نوێدا، پشکە خۆجێیی و تایبەتەکان پارێزراون و گۆڕانکارییەکان تەنیا بە چوارچێوەیەکی نوێ بەرهەم دەهێنرێنەوە.

ئەم سیستمە پشکبەندییە نەک تەنیا مافی خۆبەخشە بەتوانا و بێ پاڵپشتەکان پێشێل دەکات، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر چونییەتیی خوێندنی پزیشکی و دواجاریش لەسەر ژیان و تەندروستیی خەڵک دەبێت.