کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی چەند لاوێکی کورد بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم لە کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز

20:17 - 24 خەرمانان 2725

لە تێکهەڵچوونی نێوان خەڵکی ناڕازیی سەقز بە دژی تاڵانکردنی کانگای زێڕی قوڵقوڵە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، لاوێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.
بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، خەڵکی ئاوایی پیرەومەرانی سەقز لە پێوەندی لەگەڵ بەتاڵانبردنی کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەقز کە دەکەوێتە نێوان ئاواییەکانی کەرەویان و پیرەومەران، ناڕەزایاتییان دەربڕیوە کە ئەم ناڕەزایەتییە تێکهەڵچوونی ئەم خەڵکە و هێزەکانی ڕێژیمی بەدواوە بووە.
بەپێی زانیارییەکان هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، لە بەرانبەر دەستی بەتاڵی خەڵکدا، پۆشە  و پەرداخ بە چەکی گەرم، تەقەیان لە ناڕازییان کردووە و بەم هۆیە چەند کەس بە ناوەکانی ڕامیار ڕەشیدی، هێمن ڕەشیدی و محەممەدئەمین ڕەشیدی بریندار کراون.
شایەتحاڵان باسیان لەوە کردووە کە لە ئاکامی ئەم تێکهەڵچوونەدا، لاوێک بە ناوی محەممەد ڕەشیدی بە تەقەی هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە. 
دەوترێت هێزەکانی ڕێژیم ئیزنیان نەداوە تەرمی کوژراو و بریندارەکان ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی سەقز یان سنە بکرێن و لە نەخۆشخانەی بانە ڕایانگرتوون.