کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی کرێکارانی ئازاد: شارەداری لە سەرکوتکردنی دڕندانەی دەستفرۆشان بەناوبانگە

11:09 - 10 خەرمانان 2725

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران کاردانەوەی دادستانیی قەزوینی لەبابەت بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هێزەکانی شارەداری کە بە توندوتیژییەوە ڕووبەڕووی دەسفرۆشانی سەر شەقام بوونەتەوە بە "پێچەوانە" ناو برد و ڕایگەیاند کە شارەداری لە سەرکوتکردنی دەسفرۆشان "ناوبانگ"ی هەیە.

لە بەیاننامەی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێراندا هاتووە: "ئەوەی ڕووی دا و ئەوەی بە میلیۆنان کەس بینییان ململانێی نێوان دوو لایەن نەبووە، بەڵکوو لێدانی ئەوپەڕی دڕندەیی بووە لە دوو دەسفرۆشی سەر شەقام لەلایەن هێزەکانی ناوەندێکی حکوومەتی بەناوی شارەوانییەوە، کە سەرکوتکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندانەی لەگەڵ دەستفرۆشان بۆ هەموو کەس ناسراوە".

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، سەرکوتکردنی دەسفرۆشانی بە "تاوانێک لەلایەن هێزەکانی ناوەندێکی سەر بە حکوومەت" ناو برد.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە هێزەکانی شارەداریی قەزوین کە بە توندوتیژی بەرەوڕووی دەستفرۆشان دەبنەوە، دادستانیی قەزوین ڕایگەیاند کە ئەو کارەی شارەداری ئەنجامی داوە لە چوارچێوەی یاسادایە و هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی مافی هاووڵاتییان بووە، بەڵام ئەو تێکهەڵچوونەی کە ڕووی دا لە دەرەوەی ڕێساکان بووە و دۆسییەیەکی یاسایی بەپەلە لەو پێوەندییەدا تۆمار کراوە.
هەڵسوکەوتی دەستوپێوەندییەکانی دەسەڵات لە هێندێک لە شارەوانییەکانی ئێران لەگەڵ دەستفرۆشان جگە لەوەی کردەوەیەکی نامرۆڤانە و توندوتیژانەیە، لەکاتێکدایە کە دیاردەی دەستفرۆشی یەکێک لە ئاکامەکانی سیاسەتەکانی خودی ڕێژیم بۆ هەژار هێشتنەوەی خەڵک بووە، بە شێوەیەک کە هیچ دەرفەتێک و تەنانەت شوێنێکی دیاریکراو لەنێو شارەکاندا بۆ ئەم مەبەستە دیاری نەکراوە.