کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرتوفێڵەکانی ڕێژیم بۆ بەتاڵانبردنی زێڕی کانگای قوڵقوڵەی سەقز

16:32 - 11 خەرمانان 2725

سەرەڕای هەوڵی بێوچانی چالاکوانانی ژینگەپارێز و خەمخۆرانی نیشتمان، ڕێژیم بە فرتوفێڵی هەمیشەیی خۆی خەریکی بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستانە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانان بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، سەرەڕای هەوڵەکانی خەڵکی گوندەکانی قوڵقوڵە، مێرگەنەخشینە، وزمەڵە و گوندەکانی دیکەی دەورووبەر و هەروەها وەرێخستنی کەمپەینێک بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی کانگای قوڵقوڵە، ڕێژیم لە بەتاڵانبردنی زێڕی ئەم کانگایە و پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە بەردەوامە.

ئەم سەرچاوەیە بۆ ژووری هەواڵی زیاد کردووە کە دەوڵەت بۆ ڕاگواستنی زێڕی کانگای قوڵقوڵە کە زۆر زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بووە، کارخانەیەکی لە گوندی مازوارە دروست کردووە و پاشان بە فرتوفێڵی نیگابانیدان لەو کارگەیە، کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەو گوندەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و زیادیشی کردووە کە هەر بەم فێڵە کۆمەڵە کەسێکی دیکەشیان لە گوندی قوڵقوڵە کردووە بە دەستوپێوەندیی خۆیان بۆ تاڵانکردنی سامانەکە.

سەرچاوەکە جەختیشی کردووەتەوە کە دەوڵەت بۆ فریودانی ڕای گشتیی خەڵکی گوندی تەمووتەش کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی بارهەڵگرەکانی ئەم کانگایە، بەڵێنی داوە کە مزگەوتی گوندەکە بە بوودجەیەکی ٥ میلیارد تمەنی نۆژەن بکاتەوە.

چالاکییەکانی کانگاکانی زێڕ لە کوردستان و بەتایبەتی ناوچەی سەقز جیا لەوەی کە نموونەی ئاشکرای بەتاڵانبردنی سامانی نەتەوەیەکە، بە پیسکردنی ئاو و ژینگەی ناوچەکە خەسارێکی قەرەبوونەکراویش بە تەندروستیی هاووڵاتییان دەگەیەنێت کە جگە لە نەخۆشی، هیچ بەهرەیەکی دیکەیان لەم سامانە بۆ نامێنێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە و دواتریدا و لەژێر سێبەری پەراوێزکەوتنی بابەتەکانی دیکە، چالاکییەکانی خۆی بە بێدەنگی لەم کانگایەدا دەست پێ کردبوو.