
وەزیری کاری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان ڕایگەیاندووە کە دەوڵەت سەرەڕای کەلێنی نێوان داهات و تێچووی بنەماڵەکان، هیچ بەرنامەیەکی بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوان نییە.
هاوکات لەگەڵ گرانیی لەڕادەبەدەر، هەڵاوسان و گوشاری ئابووری، ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کاری کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی حەقەدەستی کرێکاران و مووچەی خانەنشینکراوان لە سەرەتای ساڵی هەتاوییەوە، کەلێنی نێوان داهات و تێچووی بنەماڵەکان بە هۆی هەڵاوسانەوە هەروا لە جێی خۆیدا ماوەتەوە و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە کورت ماوەدا جیبەجێ ناکرێت.
مەیدەری دانی بەوەدا ناوە کە دۆخی ئابووری، هەڵاوسان و بێکاری لە ئێراندا دۆخێکی خراپە و زیادیشی کردووە کە بەرزکردنەوەی مووچە ناتوانێت مەودای نیوان داهات و تێچوو کە بەردەوام خەریکە زیاتر دەبێت قەرەبوو بکاتەوە.
ئەم قسانەی وەزیری کاری ڕێژیم لەکاتێکدایە کە بەپێی دوایین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕەوتی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئێران هەروا بەردەوامە و بنەماڵەکان دەبێت بەردەوام بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە چاو ساڵ، مانگ و تەنانەت حەفتەی ڕابردووش تێچوویەکی زیاتر تەرخان بکەن.
ئەم ڕەوتە خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ سفرەی بنەماڵەکان بچووکتر و دۆخی ئابووریی خەڵک قەیراناویتر و ڕێژەی هەژارانی کۆمەڵگە زیاتر دەکاتەوە.