
دوو هاوپەیمانیی سیاسیی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئیرانی فێدراڵ" و "یەکگرتوویی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەیننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەم بەیاننامەیەدا بە بەرزڕاگرتنی یادی ژینا ئەمینی کە ناوی بووەتە هێمای ئەم بزووتنەوەیە، هاتووە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و بە شێوەیەکی بەربڵاو و کەموێنە بەلووچستان و سەرتاسەری ئێرانیشی گرتەوە و لە درێژەی زیاتر لە یەک ساڵدا بە بوونی بەردەوام لە شەقامەکان، ڕەوایی کۆماری ئیسلامییان بردە ژێر پرسیار.
بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە کە ژنان، نەتەوەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگە بە یەکگرتووییەوە پەیوەستی ئەم بزووتنەوەیە بوون و سەرەڕای سەرکوتی توند، بنەماڵە مافخوازەکان هێشتا پێداگری لەسەر دروشمی "نە لێیان خۆش دەبین و نە لەبیری دەکەین" دەکەن.
ئەم دوو هاوپەیمانییە سیاسییە بە ئاماژە بە سەرکوتی بەربڵاو لەوانە کوشتنەکان لە کوردستان، "هەینییە خوێنینەکانی زاهێدان و خاش" و درێژەی لەسێدارەدان و دەسبەسەرکرانەکان، لەسەر بەردەوامیی ئەەم بزووتنەوەیە جەختیان کردووەتەوە و دروشمی وەک "لە کوردستان تا زاهێدان، لە زاهێدان تا تاران چاو و چرای ئێران"یان بە هێمای یەکگرتووییەکی سەرتاسەری زانیوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی جگە لە ئێران، ڕەنگدانەوەی جیهانیی هەبووە و لەلایەن زۆر کەسەوە وەک "شۆڕشی جیهانیی ژنان" ناسراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیانامەیەدا هاتووە کە بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمی فاشیستی مەزهەبی لەم بزووتنەوەیەدا، پێویستی بە پەیوەستبوونی بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان لەوانە بزووتنەوەی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران و ئەو نەتەوانەی هەیە کە لەگەڵ هەڵاواردن بەرەوڕوون.
بە بڕوای ئەم هاوپەیمانییە، ڕێگەی تێپەڕبوون لە دۆخی هەنووکەیی، ڕووخانی ڕێژیمی زاڵ و جێگیربوونی پێکهاتەیەکی سێکۆلار، پلۆراڵ و فێدراڵ لەسەر بنەمای سەرەوەریی ڕاستەوخۆی خەڵک دەبێ.
ئەم بەیاننامەیە لە کۆتاییدا جەخت لەسەر پێبەندبوون بە درێژەی یەکگرتوویی مێژوویی هێزە ئازادیخوازەکان بۆ وەدیهاتنی ئازادی و یەکسانی لە ئێراندا دەکاتەوە.