
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ سێ ساڵەی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، دووکانداران و بازاڕییانی شاری سەقز بە نیشانەی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید ژینا و هەروەها ناڕەزایەتیدەربڕین بەم قەتڵە حکوومەتییە، مانیان گرتووە و سەرجەم دووکان و بازاڕەکانیان لەم شارە داخستووە.
بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیەیانەی کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، لە شوێنەکانی وەک : ماسییەری شێخ، کانی سەید، خوڕخوڕه، قشڵاقی مله، مله، رۆسەمان، دەره قووڵه، دەرەتفێ، قاراوا، سەرمووسه، شێخەڵه، سەیفاوا، حانه میران، چوارڕای چاپان، پارسانیان، بەر گاراج، سیلۆ، کەریم ئاوا، فەلەکەی قودس، قازاخانە داخراون و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گوشاریان خستووەتە سەر خەڵک کە دووکانەکان بکەنەوە.
ئەم هەوڵە خۆڕسکەی خەڵک هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی و باقی شەهیدان و بریندارانی شۆڕشەکە، بە مەبەستی مەحکوومکردنی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووە.