کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم دەوروبەری گۆڕستانی ئایچیی سەقزیان تەنیوە

12:46 - 25 خەرمانان 2725

ئەمڕۆ سیشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ و هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینیدا، هێزەکانی ڕێژیم بە مەبەستی پێشگرتن لە کۆبوونەوەی خەڵک و بەڕێوەبردنی ڕێوەڕسمی تایبەت بەم بۆنەیە لە گۆڕستانی ئایچی، لە دەوروبەری ئەم گۆڕستانە جێگیر کراون.

بە وتەی شایەتحاڵانان شوێنەکە مێلیتاریزە کراوە و کەشێکی ئەمنیەتیی بەسەردا زاڵ بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەمجەد ئەمینی، باوکی شەهید ژینا ئەمینی لە بەرەبەری سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی کچەکەیدا، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی ویڕای وەبیرهێنانەوەی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، وەک سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا، یادی کچەکەی بەرز ڕاگرت و نووسی؛ " ناوت هێشتا وێردی سەر زمانەکانە."

لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١دا، ژینای تەمەن ٢٢ ساڵ دوابەدوای لێدان لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئێرشادەوە پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە کۆما لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، شەهید بوو.

شەهیدبوونی ژینا ئەمینی شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتییەکانی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێراندا لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەدوای خۆیدا هێنا.