
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هەڵگرتنەوەی چەوەندەر لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی بۆکان، جووتیارانی ئەم ناوچەیە بۆ فرۆشتن و گەیاندنی بەرهەمەکانیان ڕووبەڕووی کێشەی جیددی بوونەتەوە.
ئەم جووتیارانە کە ساڵێکی تەواو بە ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆرەوە کێڵگەکانیان چاند، ئێستا لە وەرزی هەڵگرتنەوەی بەرووبومەکاندا ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار و داهاتوویەکی پڕ لە نیگەرانی بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کارخانەکانی شەکر لە ورمێ و شارەکانی دەوروبەری مەرج و ڕێسای تاکلایەنە و توندیان بۆ کڕینی چەوەندەر سەپاندووە؛ ئەو یاسایانەی کە لە ڕاستیدا زیان بە جووتیاران دەگەیەنن و هیچ دامەزراوەیەک وڵامدەر نییە.
بۆ نموونە کارخانەی قەندی میاندواو هێشتا بە هۆی نەبوونی ئاوی پێویست دەستی بە کارەکانی نەکردووە و زۆرێک لە جووتیارانی بۆکان و میاندواو کە حسابیان بۆ ئەم کارگەیە کردبوو، بەرهەمەکانیان بێ کڕیار ماونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە شۆفێرانی بارهەڵگر هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین باری چەوەندەر لە بۆکانەوە بۆ خۆی و ورمێ بە نرخی کەمتر لە ٦٠٠ هەزار تمەن بگوازنەوە.
هاوکات هاوردەکردنی زۆری شەکری زەرد لە دەرەوە بەردەوامە و بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران لە کۆگاکاندا ماوەتەوە و ڕووبەڕووی زیانێکی زۆر بوونەتەوە.
جووتیاران دەڵێن، لە دۆخێکدا کە کارخانەکان سەر بە دامودەزگاکانی حکوومەتن و بەڕێوەبەرەکانیش لە سپای پاسداران نزیکن، هیچ پاڵپشتییەکیان لێ ناکرێت و هەموو تێچووەکان لە ئەستۆی جووتیاراندایە.
چەوەندەر یەکێک لە بەرهەمە گرینگە کشتوکاڵییەکان لە ناوچەی پارێزگای ورمێیە، بەڵام سیاسەتی هەڵە و گەندەڵیی پێکهاتەیی وای کردووە جووتیاران لەبڕی هاندان لەگەڵ بێ هیوایی و مایەپووچی بەروڕوو بن.