
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز بەبۆنەی کۆتاییهاتنی خولی پەردەردەیی هاوینەی چالاکییەکانی ئەو ناوەندە، فێستیڤاڵێکی بە بەشداریی مامۆستایان و منداڵان و میوانان لە سەنتەری گەنجانی کۆیە بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر بەڕێز سمایل شەرەفی بەرپرسی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیسبەت کار و چالاکیی ناوەندی نێرگزەوە پەیامێکی ئاراستەی بەشداربووان کرد و لەوبارەوە هەوڵ و ماندووبوونی ناوەندی مانداڵپارێزیی نێرگزی بەرز نرخاند و وێڕای دەسخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان و بەرپرسانی ئەو ناوەندە، پیرۆزبایی لە منداڵانی بەشداربووی ئەو خولە کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
لە بەشێکی دیکە فێستیڤاڵەکەدا پەیامی کۆتاییهاتنی ئەو خولە لەلایەن خاتوو "مەلیحە محەممەدی" جێگری بەرپرسی ناوەنده منداڵپارێزیی نێرگزەوە خوێندرایەوە.
بڕگەیەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە تەرخان کرابوو بۆ چەند بەرهەمێکی هونەری بە سەرپەرشتیی مامۆستا "هەرێم" و دواتریش سترانێک لەژێر ناوی "کەچا کوردان" لەلایەن منداڵانی ئەو ناوەندەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە بڕگەیەکی دواتردا لەلایەن ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگزەوە، ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونەکانی هەرکام لە بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە، سەنتەری گەنجانی کۆیە و بەشی خەدەماتی ناوەندی دارایی حیزب گیرا.
دواتر چەند تابلۆ هەڵپەڕکێیەک لەلایەن منداڵانی ئازادییەوە بە سەرپەرستیی "سامان ڕەنجەڕۆ" فێستیڤاڵەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.
کامیل شەریف سەفایی، شەفەق خوبایی، ڕۆژان ئەحمەدزادە، سەرباز جەلال و سامان ڕەنجەڕۆ ئەو کەسانە بوون کە بەناوی ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگزەوە و لەلایەن خاتوو "خدیجە مەعزووری"یەوە خەڵات کران.
لە بڕگەی دواتردا شێعرێک لەلایەن "بارینـ"ــەوە پێشکەش کرا.
شایانی باسە ئەو ناوەندە خەڵاتی ئەو منداڵە بەشداربووانەی کرد کە لەو خولە پەروەردەییەدا و لە زمانی ئینگلیسی و زمانی کوردیدا پلەکانی یەکەم تا سێهەمیان بەدەست هێنابوو.
سروودێک لەژێر ناوی "زمانی کوردی" لەلایەن منداڵانی مەڵبەندی یەکی کوردستانەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
مامۆستا دەرباز لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا شێعرێکی پێشکەشی ئامدەبووان کرد.